Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ كۆدەبێتەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ى ئابى ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە چوارچێوەی زنجیرە بەسەركردنەوەكانیدا، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی كرد و سەرەتا سەرجەم بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بەسەركردەوە و بەدواداچوونی بۆ ئیشوكاری بەش و هۆبەكانی فەرمانگەكە كرد.
دواتر بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و سەرجەم سەرۆك بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ بەدواداچوونی ئیشوكارەكانیان بەڕێوە چوو.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لە گرنگیی سێكتەری ئاو كرد و ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو سێكتەرە یەكێكە لە گرنگترین گەورەسێكتەرە خزمەتگوزارییەكان، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە خەرجییەكی یەكجار زۆر بۆ سێكتەری ئاو خەرج دەكات.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، ئاماژەی بەوەش كرد كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و خودی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیران بەردەوام چاوی لە كاری باشتر و ئامانجی گەورەترە، بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان.
ساسان عەونی، وەزیری شاروانی و گەشتوگوزار گوتیشی: سەرەڕای دروستكردنی ئاستەنگ و دژایەتی و قەیران و سەختییەكان، بەڵام كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بكات و بەردەوامی بە خزمەت و خزمەتگوزارییە هەمەجۆرەكان بدات، ئەمە منەت نییە بەسەر خەڵكەوە، بەڵام گرنگە بزاندرێت كە ئەمە بە ئیرادەیەكی بەهێز كراوە.
ڕوانگە و سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، هاووڵاتییانی كوردستان شایەنی خزمەتكردنی زۆرتر و كاری باشترن و پێویستە بایەخی زۆر بە كاری خەڵك بدرێت، كە ئەوە ئامانجە گەورەكەی حكومەتە. ئەمانە بەشێك بوون لە قسەكانی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ. هاوكات داوای لێ كردن لەپێناو باشتر ڕاییكردنی مامەڵەی خەڵك و نەهێشتنی ڕۆتین، دڵسۆزانە كار بكەن و ڕێزدارانە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییاندا بكەن و كارەكانیان بە ڕێكوپێكی بۆ جێبەجێ بكەن، چونكە هاووڵاتییان مافی خۆیانە بە باشترین شێوە خزمەت بكرێن.
هەروەها ساسان عەونی، وێڕای بەدواداچوونی پرۆژەكانیان، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ لەسەر ئاستی هەموو شار و شارۆچكەكان، كارێكی گەورەی لە ئەستۆدایە، سەرەڕای ئەوەی لە ڕابردوودا كاری زۆر و باشتان كردووە و جێگەی سوپاس و پێزانینە، بەڵام بۆ لەمەودا دەبێت ئاستی كاركردن و پلانەكانتان بەرزتر بكەنەوە، لە ڕوانگەی ئەوەی هاووڵاتییان چەقی بایەخ و گرنگیدانی حكومەتن، بۆیە حكومەت چاوی لە خزمەتی باشتر و كاری گەورەترە.