وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری دهۆک خزمەتگوزارییەکانی پارێزگەکە تاووتوێ دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە ٨ى ئابى ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ خزمەتگوزارییەکانی پارێزگەکە، سەردانی شاری دهۆکی کرد و لەلایەن د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پێشوازی لێ کرا.
لە دیدارەکەدا تاووتوێی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، لە ڕێگەی جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی زیاتری شاری دهۆک و شارۆچکەکانی کرا بە جێبەجێکردنی پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری.
لە تەوەرێکی دیکەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری دهۆک بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و باشترکردنی کاروباری فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی باشترکردنی کاروبارەکان و نەهێشتنی ڕۆتین و بەزوویی ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان کرد و جەختیان لەسەر نەهێشتنی ڕۆتین و خێراکردنی بازنەکانی پرۆسەی بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی مامەڵەکان کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا هەردوولا پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی نێوان دامودەزگەکانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگەی دهۆکیان بە پێویست زانی بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کاروبارەکان و زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییانی سەنتەری شاری دهۆک و دەوروبەری.