Skip to the content

ڕاپۆرتی كۆتایيی پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر (2050) ئامادە دەكرێت

*هەولێر بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە دەبێتە یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین شارەكان لەڕووی ماستەرپلانەوە

ڕۆژی یەکشەممە ١١ى ئابى ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، شەشەمین كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگیی هاوبەش، تایبەت بە ئامادەكردنی ڕاپۆرتی كۆتاییی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
لەو كۆبوونەوەیەدا ڕەشنووسی ڕاپۆرتی كۆتاییی ئامادەكراوی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر (٢٠٥٠) خرایە ڕوو، كە تێیدا سەرجەم لایەنەكانی شی كرانەوە، بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەیەكی تردا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی حكومەت سەرنجی خۆیان لەبارەی ڕاپۆرتی كۆتایی بخەنە ڕوو، بۆ ئەوەی جێگەی سەرنجەكان بكرێتەوە و كاری جدیان لەسەر بكرێت و دواتر لە چەند مانگی داهاتوودا پەسەند دەكرێت و پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆبوونەوەكەدا گوتەیەكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە كرد: دوای ماوەی دوو ساڵ كاركردن لە پرۆژەی هەمواركراوی ماستەرپلانی هەولێردا، خۆشبەخاتە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی شەشەمی لیژنەی باڵای JCC دەكەین و دوای چەند مانگێكی تر كارەكانی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەولێر كۆتایییان دێت و هەولێر دەبێتە خاوەن ماستەرپلانێكی نوێ و لە داهاتوودا پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شاری هەولێر لەژێر ڕۆشنایيی ئەو ماستەرپلانەدا جێبەجێ دەكرێن.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا ساسان عه‌ونى سوپاسی سەرجەم تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتە پەیوەنديدارەكانی كرد، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا كاریان لەو پرۆژەیەدا كردووە و بەشدارییەكی كاریگەریان لە سەرخستنی پرۆژەكەدا هه‌بووه‌.
هەروەها سوپاسی ئاژانسی جایكا و حكومەتی ژاپۆنی كرد، بۆ پاڵپشتی و هەماهەنگی و هاوكارییەكانیان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، كە لە بواری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و ڕاوێژكاری و خول و چەندین بواری دیكەدا پێشكەشیان كردووە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە: بەرهەمی ئەو كارە زانستییەی پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر، لە ساڵانی داهاتوودا بە گەشەكردن و فراوانبوونی شاری هەولێر لەسەر هەموو ئاستەكاندا دیار دەبێت.