Skip to the content

بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیرا

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی، لە ڕۆژی ئاڵای كوردستان، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕێوڕەسمێكی شایستە بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای كوردستان لەگەڵ فەرمانبەرانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەڕێوەچوو.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بەو ڕۆژە و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، هاوكات لە گوتەیەكدا بۆ فەرمانبەرانی هەردوو فەرمانگەكە گوتی: هیوادارین هەموو ڕۆژەكانمان ڕۆژی سەركەوتن و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانمان و ڕۆژی گەشاوەتربوونی كوردستان و پێشكەوتنی زیاتری هەرێمی كوردستان بێت، لەژێر سایە و سێبەری ئاڵای پیرۆزی كوردستان.

هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش كرد "ئەو ڕۆژە ڕۆژێكی گرنگە، جگە لەوەی ڕێز لە ئاڵاكەمان دەگرین و ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەو ڕۆژەدا هەڵدەكەین، هەروەها ڕۆژێكی گرنگیشە بۆ ئەوەی بە بیری خۆمانی بهێنینەوە كە ئێمەی فەرمانبەرانی حكومەت دەبێت لە خزمەتی خەڵكی كوردستان بین كە ئەركمان وەكوو شارەوانی و شارەوانییەكان پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بۆ خەڵكی كوردستان، بە تایبەتی ئێوەی فەرمانبەران پێویستە بەردەوام لە جێگەی پەیام و ڕاسپاردە و دیدگەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بین بەوەی كە هاووڵاتی چەقی بایەخدانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و هەموو كار و كردەوەكانمان خزمەتی خەڵكە لەپێناوی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان".
دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر كۆبووەوە و تیشكیان خستە سەر پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنووری هەردوو فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی شاری هەولێر و دەوروبەری، دواتر بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێری بەسەركردەوە.