بە گوژمەی شهش ملیار دینار بەردی بناغەی پرۆژەیەكی گهورهى ئاوەڕۆ داندرا
بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی كەمكردنەوەی مەترسییەكانی لافاو و باشتركردنی سیستەمی ئاوەڕۆ، بەردی بناغەی گەورەپرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە شەقامی كەركووك، لە نزیك شووقەكانی شەهیدان لە گردەڕەشە تا كەندی قەتەوی لە هەولێر دانرا.
ئەو پرۆژەیە ڕۆژى سێشەممە 24ى كانوونى يهكهمى 2024، لە ڕێوڕەسمێكدا لەژێر چاودێری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و جێگری پارێزگار و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر و ژمارەیەك فەرمانگەی دیكەی خزمەتگوزاری، بە گوژمەی شهش ملیار و 192 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێریش بۆ میدیاكان تیشكیان خستە سەر گرنگیی پرۆژەكە بۆ شاری هەولێر.
سەرەتا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گوژمەی پرۆژەكە ڕایگەیاند: گوژمەی پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە شەقامی كەركووك نزیك گردەڕەشە تا كەندی قەتەوی، زیاتر لە 6 ملیار دینارە و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت و ماوەی 450 ڕۆژی تەقویمی بۆ دیاریكراوە، كە بە قەبارەی جیاواز جێبەجێ دەكرێت و مەمهۆڵ و كەناڵی كراوەشی تێدایە.
هەروەها سەبارەت بە بەردەوامی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكومەت، ساسان عەونی ڕایگەیاند: لەژێر ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، پرۆژەكانی حكومەت بەردەوام دەبن و لە هەر شوێنێك كە پێویست بە خزمەتگوزاری و كاری زیاتر هەبێت، سەرەڕای ئەو بارە نائاساییەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕووی داراییەوە تێیدایە، بەڵام پرۆژە و خزمەتكردنی هاووڵاتییان بەردەوامن.
دواتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ میدیاكان قسەی كرد و باسی لە گرنگیی پرۆژەكە بۆ شاری هەولێر و سنوورەكە كرد و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیە لە شاری هەولێر دادەنێین، كە بەشێكە لە خواستی خەڵكی ناوچەكە و بەشێكیشە لە پلانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی لافاو و چارەسەركردنی ئاستەنگی هاوتوچۆ لەكاتی بارانباریندا. پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ئەو پرۆژەیە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گوژمەی زیاتر لە شهش ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت، هەروەها ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ئاوەڕۆی هەولێر و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و تیمی پارێزگه و فەرمانگەكانی ديكه كرد بۆ كاركردن لەو پرۆژەیە و هیوای خواست كە لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو بكرێت.
دواتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گفتوگۆیان لەگەڵ دانیشتووانی سنوورەكە كرد و بەدواداچوونیان بۆ كێشە و گرفت و داواكاريی هاووڵاتییان كرد و جەختیان لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان و كاركردن لەسەر داواكارییەكانیان كردەوە بۆ زیاتر خزمەتكردنی دانیشتووانی ئەو سنوورە فراوانەی هەولێر.