Skip to the content

فێستیڤاڵی ساڵی نوێی 2025 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرایەوە

شەوی چوارشەممە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، فێستیڤاڵی ساڵی نوێ، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەژێر قەڵای هەولێر کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە بەڕێوەبەرانی شارەوانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئامادەی بوون. فێستیڤاڵەكە لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێرەوە کرایەوە و چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین گۆرانی کوردی پێشکەش کران و زیاتر لە ٤٠ کۆشک و ستاندی كاسباكاران و كۆمپانیا ناوخۆییەكان دانراون و هەر یەکەیان خواردن و خواردنەوە و جلوبەرگ و کەلوپەلی دێرینی کوردەواری و بەرهەمەكانیان نمایش دەکەن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر بەشەکانی فێستیڤاڵەكەیان بەسەر كردەوە.
فێستیڤاڵی ساڵی نوێ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئامادەکاری بۆ کراوە و ڕێکخراوە بۆ ئەو چەند ڕۆژەی پشووەکانی ساڵی نوێ، بە مەبەستی پێشوازی لە گەشتیارانی عێراق و دانیشتووانی شاری هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.