Skip to the content

كاركردن لە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ بەردەوامە

بەپێی ئەو پلانەی بۆی داندراوە، كاركردن لە گەورەپرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ بەردەوامە و كارەكانی بە باشی بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا قۆناغی زۆر باشی بڕیوە و بەردەوامیش چاودێری كارەكانی دەكرێت، بۆ ئەوەی لە وادەی خۆیدا تەواو بكرێت و دانیشتووانی سنووری چەمچەماڵ و دەوروبەری، كە ساڵانێكە گرفتی كەمئاویيان هەیە، لەو كێشە لەمێژینەیەی كەمئاوی ڕزگاریان ببێت.
پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ، پرۆژەیەكی ستراتیژیی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە چەمچەماڵ و دەوروبەری، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت.
گرێبەستی پرۆژه‌كه‌ له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ٢٤ى حوزه‌يرانى ٢٠٢٤ واژۆ كرا، دواتر لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە فەرمانگەیەكی ئەندازیاری بۆ جێبەجێكردنی كارەكانی پرۆژەكە دامەزرێندرا.
پرۆژەی (دیزاین و جێبەجێكردن و كارپێكردن - ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ)، گوژمەكەی ١١٤ ميار و ٩٩ مليۆن و ٥٨٠ ديناره‌ و لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت، ماوەی تەواوبوونی ٧٢٠ ڕۆژی بۆ دیاری كراوە، لە ڕۆژی ١٢ى ئابى ٢٠٢٤، دەست بە كارەكانی كراوە و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكرێت.
ئەو پرۆژەیە ئاوی خاوێن دەگەیەنێتە شاری چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری، توانای به‌رهه‌مهێنانی ٣٤٠٠ مه‌ترسێجا ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ یه‌ك كاتژمێردا هه‌یه‌ و زیاتر له‌ ٤٨٠ هه‌زار كه‌سیش لێی سوودمه‌ند ده‌بن. هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی زۆر ئاو بۆ شاری سلێمانی له‌ پرۆژه‌ی ئاوی دووكان بۆ سلێمانی ده‌بێت و گرفتی كەمئاوی لە سنووری چەمچەماڵ و دەوروبەری چارەسەر دەكات.