Skip to the content

كۆبوونەوەیەك لەبارەی پرۆژەكانی ئاوی هەولێر و قوشتەپە و دروستكردنی تۆڕەكانی ئاوی هەولێر بەڕێوەچوو

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگە، كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەبارەی كاری هەر سێ پرۆژەى فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، ئاوی قوشتەپە و جێبەجێكردنی پرۆژەی تۆڕەكانی ئاوی ئەو شوێنانەی هەولێر كە پرۆژەكە دەیانگرێتەوە، بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا كە هەر یەكە لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و جێگرانی پارێزگەی هەولێر و یاریدەدەری پارێزگار و قائیمقامی ناوەندی هەولێر و بەڕێوەبەرانی ئاوی هەولێر و ئاوی دەوروبەری هەولێر ئامادەی بوون، بە وردی ئەو سێ پرۆژەیە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
هه‌روه‌ها بەدواداچوون كرا بۆ دوایین بەرەوپێشچوونی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و دیزاینی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە، هاوكات جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردن و ڕێكخستنەوەی تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەی ئەو گەڕەك و شوێنانەی كە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر دەیانگرێتەوە.
پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، دوو قۆناغ یان دوو بەشە، قۆناغێكیان پرۆژەكەیە كە ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر و ئێستا كارەكانی بە باشی بەڕێوە دەچن، قۆناغێكی تریان كە پرۆژەیەكی دیكەیە و ئەویش دروستكردن و ڕێكخستنەوەی تۆڕەكانی ئاوە لە سەنتەری شاری هەولێر، واتە ئەو تۆڕانەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە دەگرێتەوە كە لە بۆرییە سەرەكییەكەوە ئاو دەگەیەنێتە ئەو گەڕەك و كۆمەڵگە و شوێنانەی شاری هەولێر، كە لە پرۆژە گەورەكە سوودمەند دەبن.
سەبارەت بە جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردن و ڕێكخستنەوەی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە لەو شوێنانەدا، جەخت لەسەر جێبەجێكردنی كرایەوە وەك ئامادەسازییەك بۆ ئەوەی لە كاتی تەواوبوونی پرۆژەكەدا، تۆڕەكانی ئاویش ئامادەبن و ڕاسته‌وخۆ ئاو دەگەیەندرێتە ماڵەكان و پرۆسەكە بەیەكەوە جێبەجێ دەبێت و شاری هەولێر گرفتی كەمئاوی چارەسەر دەبێت، كە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 بیری ئاو لە كاركردن دەوەستن.
سەبارەت بە پرۆژەی ئاوی قوشتەپە كە قەزای قوشتەپە و دەیان گوند و كۆمەڵگەی سنوورەكە لێی سوودمەند دەبن، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە ئێستا پرۆژەكە دەستیپێكردووە و پشكنین بۆ شوێنەكان كراوە و دیزاینەكەی تەواو بووە و كارە سەرەتاییەكانی بە باشی بەڕێوە دەچن. بۆ ئەو مەبەستە جەخت لەسەر خێراتركردنی كارەكانی كرایەوە بۆ ئەوەی گرفتی ئاو لە قوشتەپە و ئەو سنوورە فراوانە بە تەواوەتی چارەسەر بكات.
سەبارەت بە پرۆژەی دروستكردن و ڕێكخستنەوەی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە، لەو زۆنەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر دەیانگرێتەوە، جەخت لەسەر كاركردن بە شێوەیەكی خێرا وەك ئامادەسازییەك بۆ وەرزی هاوینی داهاتوو كرایەوە، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەی بۆی دیاریكراوە پرۆژەكە تەواو بكرێت و بكەوێتە خزمەت هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانیان ڕاسپارد كاری جدی بكەن بۆ ئەوەی كارەكان وەكوو ئەوەی پلانی بۆ داندراوە بە باشی بەڕێوە بچێت بە مەبەستی دروستكردن و ڕێكخستنەوەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لەو گەڕەكانەی دەكەونە چوارچێوەی پرۆژەكەوە. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پرۆژەكان لە وادەی دیاریكراوی خۆیاندا تەواو دەبن و دەكەونە خزمەت هاووڵاتییانەوە و گرفتی كەمئاوی لە هەولێر و دەوروبەری چارەسەر دەكەن.