Skip to the content

بە گوژمەی ملیارێک و 753 ملیۆن دینار بەردی بناغەی تۆڕی ئاو و عەمباری ئاو بۆ ناوچەی پەرەپێدان داندرا

ڕۆژى یەکشەممە ٢٢ى كانوونى يه‌كه‌مى ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی پرۆژەی تۆڕی ئاو و دروستکردنی عەمباری ئاو و ژووری بوستەر و کاری میکانیک و کارەبایی، بۆ ناوچەی پەرەپێدان لە نزیک گوندی پیڕەش داندرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆژەیەكی نوێ كە بڕیارە لەم نزیكانە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە ڕایگەیاند: بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێك و ٨٣٩ ملیۆن دینار ڕەزامەندی بۆ دروستكردنی شۆستە و شەقام و دانانی كربستۆن و چینی دووەمی تێكەڵە وەرگیراوە و هەفتەی داهاتوو ئەو پرۆژەیەش دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیەدا، كە هەر یەكە لە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەكی ديكه‌ لە بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان ئامادەی بوون، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن قسەی كرد و خۆشحاڵيی خۆی دەربڕی كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیەی ناوچەی پەرەپێدان دادەنێن. هەروەها جەختی له‌وه‌ كردەوە كە پرۆژەكانی حكومەت لە هەموو ئەو شوێنانەی دیكەش بەردەوام دەبن كە پێویستیان بە گەیاندنی خزمەتگوزارییە.
ساسان عەونی گوتیشی: گوژمەی پرۆژەی دانانی تۆڕی ئاو و دروستکردنی عەمباری ئاو و ژووری بوستەر و کاری میکانیک و کارەبایی بۆ ناوچەی پەرەپێدان ملیارێک و ٧٥٣ ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت. هه‌روه‌ها گوتی: ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانی ئەو گەڕەكانەی تاوەكوو ئێستا خزمەتگوزاریيان وەكوو پێویست بۆ نەچووە، كە ئەوەش هەمووی لەو دیدگه‌یانەوە سەرچاوە دەگرێت كه‌ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام ڕێنمایيی فەرمانگەكان دەكات بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو ئەو شوێنانەی كە پێویستیان بە خزمەتگوزارییە.
ساسان عەونی، لەبارەی ئەو پرۆژانەی پێشوو كە لەو سنوورە جێبەجێ كراون، ڕاگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا بە زیاتر لە حەوت ملیار دینار، پرۆژەی ئاوەڕۆ و قیرتاوكردنی دوو شەقامی سەرەكی و دواتر كاری كردنەوەی ڕێگە و شەقامە ناوخۆییەكان بە بڕی ملیارێك و ٩٨٣ ملیۆن دینار لەو گەڕەكە جێبەجێ كراون و ئەمڕۆش پرۆژەی دانانی تۆڕی ئاو و دروستكردنی عەمباری ئاو بە بڕی ملیارێك و ٧٥٣ ملیۆن دینار دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن و هەفتەی ڕابردووش ڕەزامەندیی دروستكردنی شۆستە و شەقام و دانانی كربستۆن و چینی دووەمی تێكەڵە بۆ ئەو گەڕەكە وەرگیراوە و هەفتەی داهاتوو بە گوژمەی ملیارێك و ٨٣٩ ملیۆن دینار دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.