سەنتەری شاری هەولێر ڕێکخستنەوەی بۆ دەکرێت
ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی سەنتەری شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە هەر یەكە لە ڕاوێژكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و ژمارەیەكی دیکە لە ئەندازیاران ئامادەی بوون، لە ڕێگەی داتاشۆوە چوار سیناریۆی تایبەت بە ئامادەسازی بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی سەنتەری شاری هەولێر خرانەڕوو و شیكرانەوە.
ئامانج لە ڕێكخستنەوەی سەنتەری شاری هەولێر بۆ بەدیهێنانی سەنتەری شارێكی كارا و پڕ جووڵەیە بۆ ژیان و بەركارهێنان و چالاكیی بازرگانی و كولتووری و گەشتیاری و نیشتەجێبوون و ناساندنی لایەنی مێژوویی و ڕۆشنبیری، هەروەها خزمەتگوزاری و دەرفەتی كار و باشترکردنی ژینگە و پیادەڕۆیی و بایسكل و بینین و كەمكردنەوەی جەنجاڵیی ئۆتۆمبێڵ و ژاوەژاو و چەندین بواری دیكەش تێیدا ڕەچاو دەكرێن.
لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت لە كاركردن لەسەر یەكێك لە سیناریۆكان كرایەوە، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی وردتر بکرێت بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکان.