وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و قائیمقامی كفری خزمەتگوزارییەكانی شارهكه تاوتوێ دەكەن
ڕۆژى سێشەممە 20ى شوباتى 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە ساهر عەلی جاسم، قائیمقامی كفری و سەرۆكی شارەوانیی كفری كرد، و ئامادەیی هەموو جۆرە هاوئاهەنگی و هاوكارییەكی لەپێناو خزمەتكردنی شارەكەدا دەربڕی.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە هەر یەكە لە بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان و پلان و بەدواداچوونی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەى بوون، ڕاسپاردەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بڕیاری جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری بە مەبەستی بووژانەوە و پەرەپێدانی شاری كفری و سنووری شارەوانییەكە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای بەدواداچوونی بۆ پرۆژەكانی سنووری شارەوانیی كفری، جەختی لەسەر ڕوانگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی زیاتری شارهكه كردەوە، و گوتى "ڕاسپاردەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە شاری كفری جێبەجێ دەكرێت."