پرۆژەكانی ئاوەڕۆی هەولێر و نۆژەنكردنەوەی مۆزەخانەی سلێمانی تاوتوێ كران
ڕۆژى سێشەممە ٢٠ى شوباتى ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە شاندێكی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد، كە پێكهاتبوون لە جێن یۆنێدا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکا لە عێراق، و ئامۆژگار حەوێزی، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پرۆگرامەکانی ئاژانسەكە.
لەو دیدارەدا چەند تەوەرێكی گرنگ لەبارەی جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری تاوتوێ كران، لەنێویاندا پرۆژەی ئاوەڕۆی هەولێر یەكێك بوو لەو تەوەرە گرنگانە و جەخت لەسەر نوێكردنهوهى تەندەر و زیادكردنی بودجەكەی كرایەوە، بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا بە مەبەستی چارەسەركردنی ئاوەڕۆی هەولێر، بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بابەتی نۆژەنكردنەوەی مۆزەخانەی سلێمانی، تهوهرێكى ديكهى گفتوگۆكان بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بودجەی پێویستی بۆ دابین بكرێت، لەمبارەیەوە ساسان عەونی جەختی لەسەر ههماههنگى و هەموو جۆرە هاوكاریيەك كردەوە.
پرسی كاركردنی كۆمپانیا ژاپۆنییەكان لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار درا لە نزیكترین كاتدا، ژمارەیەك كۆمپانیای ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و لە سیمینارێكی تایبەتدا كاركردنیان لە بواری وەبەرهێنان و پرۆژەی خزمەتگوزاری تاوتوێ دەكرێت.
هەروەها پرۆژەكانی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك و هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر خرانه بهر باس، كە ئێستا پرۆژەی ماستەرپلان لە قۆناغی جێبەجێكردندایە، لەگەڵ بابەتی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە چوارچێوەی پرۆژەی چارەسەركردنی خاشاكی هەولێر جەختیان لەسەر كرایەوە.