بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکاى ژاپۆنى: هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی گونجاوی بۆ كاركردن هەیە
ڕۆژى دووشەممە 26ى شوباتى 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی سەروەر كەمال، بریكاری وەزارەتی پیشەسازی و وزە، نوێنەری نووسینگەی سەرۆكوەزیران، د. ئەسعەد بێشەیی، بەڕێوەبەری گشتی و نوێنەری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و گەیلان سەعید، سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەولێر و ڕزگار عومەر، ئەندامی ژووری بازرگانی و نوێنەری ژمارەیەك لە كۆمپانیا دیارەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی ئاژانسی جایكا و نوێنەری چەند كۆمپانیایەكی وڵاتی ژاپۆن كۆبووەوە.
لە شاندی ژاپۆن هەر یەكە لە جێن یۆنێدا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکا لە عێراق، نوێنەری باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە بەغدا و بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پرۆگرامەکانی جایکا و نوێنەری حەوت گەورە كۆمپانیای ژاپۆنی ئامادە بوون، و كۆمپانیا ژاپۆنییەكان بواری وەبەرهێنان و كاركردنی خۆیان نمایش كرد.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خۆشحاڵيی خۆی بە دیدارەكە و بەتایبەتی سەردانی كۆمپانیاكانی ژاپۆن بۆ كاركردن لە كوردستان دەربڕی. ههروهها ئاماژەی بەوە كرد كه "مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە كە ژینگەی وەبەرهێنان لە كوردستان لەبەردەم كۆمپانیا بیانییەكان كراوەيه، لەم چوارچێوەیەدا هەموو جۆرە هاوكاری و كاراسانییەك پێشكەش بە وەبەرهێنەرانی بیانی دەكرێت."
لە بەرانبەردا بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکا لە عێراق، تیشكی خستە سەر سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و باسی لەوە كرد; هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی گونجاوی بۆ كاركردن هەیە.
دواتر تیمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێگەی داتاشۆوە ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە ژینگەی هەرێمی كوردستان و گونجاوی بۆ كاری وەبەرهێنان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان پێشكەش كرد. هەروەها تیمی كۆمپانیاكانی ژاپۆن بە هەمان شێوە بواری كاركردنی خۆیان و ئەزموونیان لە بواری پرۆژەی جۆراوجۆردا خستە ڕوو، بەمەبەستی ناساندنی ئەزموونی كاریان و ئەو بوارانەی كە دەیانەوێت كاری لەسەر بكەن.