Skip to the content

زیاتر لە 55 هەزار كارتی زەوی تاپۆ كراون و 29 هەزار پارچە زەویی دیكەش كارەكانیان لە تەواوبووندایە

ڕۆژی چوارشەممە 7ی 2ی 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئەندازیار و فەرمانبەرانی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد لە وەزارەت كۆبووەوە و پلانی نوێی تاپۆكردنی ئەو زەوییانەی كە هێشتا ماون تاپۆ بكرێن، تاوتوێ كرا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیمەكەی ڕاسپارد بەزووترین كات ئەو كارتانەی ماون دەبێت تاپۆ بكرێن.
لە سەرەتای كابینەی نۆیەمدا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بڕیاری تاپۆكردنی زەوییە كارتەكانی دا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار یەکەیەکی تایبەت بە ناوی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد كرایەوە، کە ئەو یەکەیە نوێنەری وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکوومەتی تێدایە، پرۆسەی تاپۆكردنی زەوییەكان دەستیپێكرد.
شایەنی باسە، لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێردا (95،000) زەویی كارت هەبوون، دوای دەستبەكاربوونی یەكەی گۆڕینی كارت بۆ سەنەد بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی شارەوانی و تۆماركردنی خانووبەرە و پارێزگەی هەولێر، تاكوو ئێستا (55،695) كارتی زەوی كارەكانیان تەواوكراون و وێنەی تۆمار(تاپۆ)یان بۆ دەركراوە و دراوەتەوە هاووڵاتییان.
ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كار لەسەر تاپۆكردنی (18،255) زەویی كارت دەكرێت، هاوكات (10،950)كارتی دیكەش لە سنووری بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كار بۆ بە تاپۆكردنیان دەكرێت و بەمزووانە كارەكانیان تەواو دەبێت.
لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەستخۆشی لە تیمەكەی یەكەی گۆڕینی زەویی كارت بۆ سەنەد کرد بۆ تەواوكردنی ئیشوكارەكانی زەوییە كارتەكان، هاوكات بە سوپاسەوە ڕۆڵی هەموو ئەو فەرمانگانەی حکوومەتیش بەرز نرخێندرا کە هاوئاهەنگی و ئاسانکاری لە پرۆسەی تاپۆکردنی ئەو زەوییانەدا دەکەن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیمی یەکەی گۆڕینی کارتی زەوی بۆ سەنەد ڕاسپارد بۆ ئەوەی بەزووترین كات كارەكانی ئەو زەوییە كارتانەی هێشتا تاپۆیان نییە تەواو بكرێن و هاووڵاتییان ببنە خاوەن تاپۆی خۆیان، ئاماژەی بەوەش كرد تاپۆكردنی ئەو زەوییە كارتانە بەلای حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێی بایەخدانە، لە سۆنگەی ئەوەی كە هاووڵاتییان مافی خۆیانە زەوییەكانیان بەزووترین كات بۆ تاپۆ بكرێت.