Skip to the content

ساسان عەونی: لەسەر بودجەی حکومەت پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت

ڕۆژى چوارشەممە 28ى شوباتى 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە یاوەری شاندێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی پارێزگەی هەڵەبجەی کرد و لەلایەن ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجەوە پێشوازی لێ کرا.
لە کۆبوونەیەکدا بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی و ئازاد تۆفیق، و بە بەشداريی سەرکەوت تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆژەکان و د. چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە شاندی وەزارەت و جێگرانی پارێزگار و سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە ئامادەی بوون، ڕێکارەکانی بەگەرخستن و جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری، بڕیار لە دەستپێکردنیان درا کە لە چەند ڕۆژی پێشوودا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ هەڵەبجە بڕیاری لەسەر جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک بۆ هەڵەبجە دا، لەنێویاندا جێبەجێكردنی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئامانجی سەردانەکەی بۆ پارێزگەی هەڵەبجە ڕوونکردەوە، و ئاماژەی بەوە کرد لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجەمان کردووە بۆ جێبەجێكردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە بۆ ئەوەی بەزوویی ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی تری وەك دروستکردنی پارک و قیرتاوکردنی گەڕەک و شەقامەکانی شارەکە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە لایەنی پەیوەندار کرد بەخێرایی دەرخستەی پرۆژەکان ئامادە بکەن.
ساسان عەونی، سەبارەت بە بودجە و گرنگی پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە، زیاتر گوتی: ماستەرپلانی هەڵەبجە لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت جێبەجێ دەکرێت و هەوڵ دەدەین لە ماوەیەکی کەمدا تەواو بکرێت، گوتیشی: حکومەت بەبایەخەوە کار لەسەر پرۆژەی ماستەرپلان دەکات، و لەو سۆنگەیەوە بودجەی بۆ دابین دەکات و هەموو ئاسانکاری و هاوکاری و پاڵپشتییەکی پرۆژەکە دەکرێت کە لە چوارچێوەی ماستەرپلانەکەدا دیدگایەک بۆ هەڵەبجە تاکو ساڵی٢٠٤٠ دادەنرێت.
سەبارەت بە تەرخانکردنی گوژمەیەک بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی بەپەلە و هەنووکەیی جگە لە پرۆژەکانی دیکە، ساسان عەونی گوتی: 500 ملیۆن دینار وەک قۆناغی بەپەلە بۆ چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری تەرخان دەکرێت و بەزوویی دەست بەکارەکان دەکرێت. ئەمەش دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت دێت بۆ هەڵەبجە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها پاڵپشتيی تەواوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری دەربڕی و جەختی کردەوە لەسەر جێبەجێكردنی ژمارەیەک پرۆژەی دیکە و ڕێکخستنەوەی شار و جوانکردنی و چارەسەرکردنی گرفتی ئەو زەوییانەی کێشەیان هەیە و تا ئێستا تاپۆیان نییە، لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی 26 نەخشەی بنەڕەتی کە ماوەی زیاتر لە 17 ساڵە ئەو کێشەیە هەیە. سەبارەت بە پرۆژە تەواونەکراوەکانیش جەخت لەسەر هەوڵدان بۆ تەواوکردنیان کرایەوە.