Skip to the content

كارەكانی ماستەرپلانی هەڵەبجە تاوتوێ دەكرێن

ڕۆژی پێنجشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٤، لەسەر ڕاسپاردەی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، تیمێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی شاری هەڵەبجەی كرد و كۆبوونەوەی دووەمی پرۆژەی ماستەرپلانی شارەكە بەڕێوەچوو كە پرۆژەكە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی (VNG)ی هۆڵەندی و پارێزگە و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی هەڵەبحە جێبەجێ دەكرێت.

كۆبوونەوەكەی رۆژی پێنجشەممە بە بەشداری ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، قائیمقامی هەڵەبجە، ڕووناك حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانیی ئاوەدانی بە وەكالەت، جێگری كونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر و بەڕێوەبەری پرۆژەكانی (VNG)ی لە عێراق و ژمارەیەكی دیكە لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە تایبەتمەندەكانی شارەكە و ژمارەیەك وەبەرهێنی كوردستان و ڕێكخراوی بیانی بەڕێوەچوو و دوایین پەرەسەندنەكانی پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە گفتوگۆی لەبارەوە كرا و سەرنجی شارەزایان و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە وەرگیرا. 

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی هەڵەبجەی كرد و دەستپێكردنی پرۆژەی دانانی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجەی ڕاگەیاند، دواتر لە گوتەیەكدا ساسان عەونی، پرۆژەكەی بەگرنگ وەسف کرد بۆ بووژانەوەی شاری هەڵەبجە و ئاماژەی بەوەشكرد كە ماستەرپلانی هەڵەبجە لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕیزبەندی یەكەم دانراوە، هەروەها بۆ سەركەوتنی ئەو پرۆژەیەش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردەوە بە هەموو توانایەك پشتیگری ئەو پرۆژەیە دەكەن بۆ ئەوەی ماستەرپلانی هەڵەبجە تەواو بكرێت.

پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار "لیژنەیەكی باڵای تایبەت بە ماستەرپلانەكانی شار و شارۆچكەكان" سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكرێت. ئەو لیژنەیەی وەزارەت، كار لەسەر هەمواركردنەوەی ماستەرپلانەكان و بەگەڕخستنەوەی پرۆژە وەستاوەكانی ماستەرپلان و دانانی ماستەرپلانی نوێ بۆ ئەو شار و شارۆچكانە دەكات كە تاوەكوو ئێستا ماستەرپلانیان نییە.