Skip to the content

كۆبوونەوەی پێنجه‌مى لیژنەی هەماهەنگی هاوبەش تایبەت بە پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر بەڕێوە چوو

ڕۆژى یەكشەممە 25/2/2024، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، كۆبوونەوەی پێنجه‌مى لیژنەی هەماهەنگی هاوبەش تایبەت بە پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر بەڕێوە چوو.
ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكان و بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەڕێوەبەرانی گشتی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و دەستە و فەرمانگەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی، هەر یەكە لە ئایاكو كوبۆ، نوێنەری نووسینگەی سەرەكيی جایكای ژاپۆن و جێن یۆنێدا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکا لە عێراق و ئەنتۆنیۆ ساوارت، سەرۆكی تیمی جایكا لە پرۆژەكە و ئامۆژگار حەوێزی، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پرۆگرامەکان لە جایكا و کۆزۆ ئۆنۆ، ڕاوێژکاری پڕۆژەکان و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسان و ئەندامانی تیمی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی ئامادە بوون.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا سوپاسی فەرمانگەكان و ئەندازیارانی حكومەت و تیمی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد كە بە هاوبەشی كار لە پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێردا دەكەن و تا ئێستا هەنگاوی زۆر باشیان لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا ناوە.
لەمیانەی پرۆگرامەكاندا چەند ڕاپۆرتێك لەلایەن تیمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكاوە سەبارەت بە قۆناغ و كارەكانی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر نمایش كران و تێیدا دوایین كارە ئەنجامدراوەكان و زانیاری و پێشنیازەكانی پەرەپێدانی زیاتر بە پرۆژەكە خرانە ڕوو، و لەلایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆی جدیان لەبارەوە كرا و ڕاوسەرنجی پێویست خرانە ڕوو.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لە ڕوانگە و بایەخدانەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد سەبارەت بە گرنگيی پرۆژەكە و جەختی كردەوە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بایەخێكی زۆرەوە لە پرۆژەكانی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان دەڕوانێت، سەبارەت بە پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێریش ئاماژەی بەوە كرد كە پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر لە دیدی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان جێی بایەخە و بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دەكات و هەموو پاڵپشتییەكی خۆی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێشخستنی پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر دەردەبڕێت.
بەپێی ڕاپۆرتە پێشكەشكراوەكانی كۆبوونەوەی پێنجەم كە لە ڕێگەی داتاشۆوە نمایش كران، كارەكانی پرۆژەكەی ماستەرپلانی هەولێر بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە دیوە لە دووبارە دیزاینكردنەوەی شاری هەولێر و كۆمەڵگە نیشتەجێبووەكانی نزیك پایتەخت، بەتایبەتی سەنتەری شاری هەولێر بە ڕەچاوكردنی تەواوی سێكتەرەكان بە تایبەتی شەقام و هۆیەكانی گواستنەوە و ڕێگەوبان و ناوچە سەوزایییەكان و فراوانكردنی شەقام و گواستنەوەی كارگە و دروستكردنی ناوچەی پیشەسازی و سەدان ئایكۆنی دیكەی خزمەتگوزاری كە تا ساڵی 2025 جێبەجێ دەكرێن و بەهۆیەوە شاری هەولێر لە هەموو ڕوويه‌كەوە دەبووژێتەوە.
شایەنی باسە، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بایەخی زۆر بە پرۆژەی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان دراوە، بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە لیژنەیەكی باڵای هەمواركردنەوەی ماستەرپلان و دووبارە بەگەڕەخستنەوەی ماستەرپلانە وەستاوەكان و دانانی ماستەرپلان بۆ ئەو شار و شارۆچكانەی كە ماستەرپلانیان نییە پێكهێنراوە، لە ئێستاشدا لەسەر ئاستی پارێزگەكان، ماستەرپلانی شاری هەولێر و شاری هەڵەبجە لە قۆناغی جێبەجێكردندان و كار بۆ هەمواركردنەوە و بەگەڕخستنەوەی ماستەرپلانەكانی دیكە لە شار و شارۆچكەكان دەكرێت.