وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە كونسوڵی ڕووسیا لە هەولێر دەكات
ڕۆژى سێشەممە 20ى شوباتى 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە ماکسیم ڕوبین، كونسوڵی گشتیی کۆماری ڕووسیای فیدراڵ و جێگرەكەی لە هەرێمی كوردستان كرد.
لەو دیدارەدا چۆنیيەتی پەرەپێدانی سێكتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوە كرا، هاوكات جەخت له بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕووسیا بە مەبەستی گەشەپێدانی سێكتەری گەشتوگوزار كرایەوە، هەروەها سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو وڵاتە لە بواری گەشتوگوزاردا بە گرنگ وەسف كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەکی بۆ كاركردنی پێكەوەیی لەگەڵ كۆنسوڵگەریی ڕووسیا و هاوكارەكانیان کە لە بواری گەشتوگوزار و شوێنەواردا كار دەكەن، دەربڕی.