Skip to the content

شاندێكی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بەشداری لە پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی گه‌شتوگوزاری جیهان له‌ مه‌درید ده‌کات

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ مه‌دریدی پایته‌ختی ئیسپانیا به‌ یاوه‌ری هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ئه‌مه‌ل جه‌لال، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار و هیشام عه‌تا ئه‌لجبووری، كاربه‌ڕێكه‌ری باڵیۆزخانه‌ی عێراق و ئه‌مین به‌رزنجی، كونسوڵی عێراق له‌ مه‌درید و دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ ئیسپانیا، به‌شداری له‌ پێشانگای گه‌شتوگوزاری جیهان (Fitur2024) له‌ مه‌درید كرد.

پێشانگه‌ی گه‌شتوگوزاری جیهان(Fitur2024) ماوه‌ی چوار ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان و نوێنه‌ری وڵاتان به‌شدارن، بۆ یه‌كه‌مجاره‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌شداری تێدا ده‌كات و ستاندی تایبه‌تی به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌ بۆ ناساندنی سێكته‌ری گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان به‌ كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی ئیسپانیا و وڵاتانی جیهان.

شانده‌كه‌ی وه‌زاره‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ل جه‌لال، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار و دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و شاناز عامر بەدران، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری كۆیە و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەت و بەڕێوەبەری پلاندان و بەدواداچوون لە دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی دەستەی گەشتوگوزار.

شانده‌كه‌ له‌میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی چوار ڕۆژی پێشانگه‌كه‌دا چه‌ندین دیدار و گفتوگۆی تایبه‌ت به‌ په‌ره‌پێدانی هه‌ماهه‌نگی له‌‌ بواری گه‌شتوگوزاردا له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌بێت، له‌نێویاندا لایه‌نی ئیسپانیا كه‌ وڵاتێكی گه‌وره‌ی گه‌شتیارییه‌ و بایه‌خی زۆر به‌و كه‌رته‌ ده‌دات.
 
له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی پێشانگه‌كه‌دا، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ساسان عه‌ونی، چه‌ندین‌ ستاندی‌ گه‌شتیاری و به‌شه‌كانی پێشانگه‌كه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌ و گفتوگۆی سه‌باره‌ت به‌ بواری گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ ستاند و به‌شه‌كاندا كرد، و باس له‌ سێكته‌ری گه‌شتوگوزاری كوردستان و ژینگه‌ و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد هه‌رێمی كوردستان‌ بۆ گه‌شتوگوزار پێگه‌یه‌كی له‌باری هه‌یه و ئاماده‌ن بۆ هه‌ر جۆره‌ هه‌ماهه‌نگی و ئاسانكارییه‌ك بۆ په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری كوردستان.