وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی باڵیۆزخانەی عێراق لە مەدرید دەكات
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە ئیسپانیا كرد، و لەلایەن هیشام عەتا ئەلجبووری، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عێراق و ئەمین بەرزنجی، كونسوڵی عێراق لە مەدرید و حەیدەر سوادی، ڕاوێژكاری بەرپرسى بەشى سياسى له باڵیۆزخانەى عێراق لە ئیسپانیا پێشوازی لێكرا.
لە دیدارەكەدا تیشك خرایە سەر بەشداری شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كردنەوەی ستاندی كوردستان لە پێشانگەی گەشتوگوزاری جیهان لە مەدرید، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عێراق، لەجیاتی باڵیۆزی عێراق لە ئیسپانیا كە ئێستا بە سەردانێك گەڕاوەتەوە عێراق و باڵیۆزخانەی عێراقی ڕاسپاردبوو هەموو هاوكارییەكی شاندی كوردستان بكەن لە پێشوازی و ئاسانكارییەكانی تردا، باڵیۆزی كاربەڕێكەر سوپاس و دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ كردنەوەی ستاندێكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لەو پێشانگەیەدا کرد، و هەروەها بەشداری شاندی هەرێمی كوردستانیش لە پێشەنگەكەدا بە گرنگ وەستف كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی هاوكاری و هەماهەنگییەكانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە ئیسپانیا كرد، كە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەی دەستپێكی پێشانگەكەدا هاوكار و هەماهەنگ بوون لەگەڵ شاندی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وەك پێشوازیان لە فڕۆكەخانە و ئاسانكاری دیكەی پەیوەست بە بەشداریكردنی شاندەكە لە پێشانگەكەدا. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختیشی لەسەر گرنگی بەشداریكردن و كردنەوەی ستاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێشانگەی گەشتوگوزاری جیهان لە مەدرید كردەوە.