شاندێكی باڵای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا دەکات
ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لە شاری مەدرید سەردانی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئسپانیای كرد و لەلایەن دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حكومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا پێشوازی لێ كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دیدارەكەدا سوپاسی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ئیسپانیا بۆ ئەو ڕۆڵەی بینیویانە لەپێناو بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لە ٥٠ هەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتیاریی جیهان لە ئیسپانیا کرد، و هیوای خواست هەموو هەوڵێکیان بخەنەگەڕ بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کاری هاووڵاتییانی کوردستان لە ئیسپانیادا ڕاپەڕێنن.
لەو دیدارەدا هەر یەكە لە دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و شاناز عامر بەدران، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری كۆیە و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەت و بەڕێوەبەری پلاندان و بەدواداچوون لە دەستەی گەشتوگوزار و سەرۆكی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی دەستەی گەشتوگوزار ئامادەی بوون.
لە دیدارەكەدا بەشداریكردنی شاندی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پێشانگەی گەشتوگوزاری جیهان (Fitur2024)دا كە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دەست بە پرۆگرامەكانی دەكات بە گرنگ وەسفكرا، هاوكات گفتوگۆ و چۆنیەتی پەرەپێدانی هەماهەنگییەكان لە بواری گەشتوگوزاردا تاوتوێ كرا، كە ئیسپانیا وڵاتێكی گەورەی گەشتوگوزارییە و بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لەسەر كاركردن و هەماهەنگی بەردەوام بۆ زیانر پەرەپێدانی گەشتوگوزار و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی جیهان و بە تایبەتی ئیسپانیا كرایەوە.