Skip to the content

لە ساڵی ڕابردوودا بە زیاتر لە ١٥ملیار دینار ژمارەیەك پرۆژەی ئاوەڕۆ لە هەولێر جێبەجێ كران

لە چوارچێوەی هەوڵەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی لافاو و ڕێگریكردن لە كۆبوونەوەی ئاوی زیادە، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە گوژمەی زیاتر لە ١٥ ملیار دینار ژمارەیەك پرۆژەی گرنگی ئاوەڕۆ لە هەولێر جێبەجێ كران.

بە گوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ساڵی ٢٠٢٣ لەمیانەی پلانی حكومەت بۆ بەرەنگاربوونەوە و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی لافاو و كۆبوونەوەی ئاوی زیادە لە سەنتەری شار، چەندین پرۆژەی گرنگ و گەورە بە گوژمەی زیاتر لە ١٥ ملیار دینار لە سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری دروستكران و تەواو كران.

ئەو پرۆژانەش كاریگەریی زۆر باشیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی لافاودا هەبوو، سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی بارانبارینی ئەم وەرزە، بە بەراورد بە زستانی پار، دوو هێندە زیاتریش بوو، بەڵام هیچ جۆرە لافاو و كۆبوونەوەیەكی ئاوی زیادە لە هەولێر ڕووینەدا.
بەشێك لەو پرۆژانەی لە ساڵی ڕابردوودا جێبەجێكراون:
1- چارەسەرکردنی کێشەی لافاو لە دەوروبەری شەقامی 150م خێرا.
2- درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی سندووقی دوو چاوە لە گەڕەکی ژیان، نزیک یاریگەی نیشتمان .
3- دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە شوێنی جیاجیا لە شارۆچکەی عەنکاوە.
4- دروستکردنی ئاوەڕۆ لە کەرتی ١٢٨ لە شارۆچکەی عەنکاوە .
5- دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە نزیك ئەنجوومەنی وەزیران تا شەقامی ٦٠ مەتری لە نزیک سایلۆ.
6- دروستکردنی دوو ئاوەڕۆی سندووقی٦ چاوە و ٩ چاوە، لە نزیک گوندەکانی تووڕەق و سویری.
7- تەواوکردن و دروستکردنی شەقامی٢٠ مەتری لە گەڕەکی مام سنج لە قەزای خەبات، گوژمەی بڕگەی ئاوەڕۆ.
8- درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی لوولەیی لە کۆمەڵگەی پیرزین، لە گەڕەکی نەورۆز.
9- دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی بلۆک و کۆنکریتی ( ١،٥و ١،٥)م لە گەڕەکی بەحرکەی نوێ پشت مزگەوتی مەلا ڕەشید گەردی .
10- دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی کۆنکریتی شیشدار لەنێوان ئاڵتوون ستی و بنەسڵاوە.
11- لەگەڵ دەیان پرۆژەی تر و نۆژەنكردنەوەی ئاوەڕۆ و خاوێنكردنەوەی كەند و ئاوەڕۆكان و بەڕێوەبردنی هەڵمەتی بەردەوام بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو لەلایەن تیمەكانی شارەوانی و ئاوەڕۆ و ژینگەپارێزی و سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەكانی تری حكومەت.