Skip to the content

پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی لافاو لە هەولێر سەركەوتوو بوو

ئەو پلانەی لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و ڕێگریكردن لە كۆبوونەوەی ئاوی زیادە لە شاری هەولێر كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە كاری لەسەر كرا، تەواو سەركەوتوو بوو، كە ژمارەیەك پرۆژەی ئاوەڕۆ بە گوژمەی زیاتر لە ١٥ ملیار دینار لە ساڵی٢٠٢٣ دا جێبەجێكران.

ساڵی ڕابردوو لە هەولێر نزیكەی٧٤،٣ ملیمەتر باران باری، ئەمساڵ ڕێژەكەی بۆ دوو هێندەش زیاتر و بۆ نزیكەی٢٠١،٩ ملیمەتر بەرزبووەتەوە تاوەکو ئێستا، لە زستانی ڕابردوودا بە چەند كاتژمێرێک باران بارین، مەترسیی لافاو دروست دەبوو، بەڵام ئەمساڵ دوو ڕۆژ باران باری کە له سەنتەری شاری هەولێر زیاتر بوو لە٥٠ ملم، بەڵام بەهۆی جێبەجێكردنی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاوەوە هیچ جۆرە لافاوێك و كۆبوونەوەیەكی ئاو لە هەولێر ڕووینەدا و ئێستاش پلانەكە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ئاوەڕۆی هەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكومەتەوە تا ئاستێکی زۆرباش كاری لەسەر دەكرێت.

سەركەوتنی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو لە شاری هەولێر، دوای ئەوە دێت مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پاڵپشتییەكی خۆی بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر و فەرمانگەكانی حكومەت دەربڕی و گوژمەی پێویستی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی گەورەی ئاوەڕۆ و خاوێنكردنەوەی كەند و ئاوەڕۆكان خەرج كرد و چەندین پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر و دەوروبەری جێبەجێكران، لەوانە:
1-درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی سندووقی دوو چاوە لە گەڕەکی ژیان نزیک یاریگای نیشتمان.
2-دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە شوێنی جیاجیا لە شارۆچکەی عەنکاوە.
3- دروستکردنی ئاوەرۆ لە کەرتی ١٢٨ لە شارۆچکەی عەنکاوە.
4-دروستکردنی ئاوەرۆی سندووقی لە لای ئەنجومەنی وەزیران تاکو شەقامی٦٠ م نزیک سایلۆ.
5-دروستکردنی دوو ئاوەڕۆی سندووقی (٦ چاوە) و (٩ چاوە) لە نزیک گوندەکانی توڕەق و سویری.
6-تەواوکردن و دروستکردنی شەقامی (٢٠) م لە گەڕەکی مام سنج لە قەزای خەبات، بڕگەی ئاوەڕۆ.
7-درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی لوولەیی لە کۆمەڵگای پیرزین لە گەڕەکی نەورۆز
8- دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی بلۆک، کۆنکریتی (١،٥*١،٥) م لە گەڕەکی بەحرکەی نوێ پشت مزگەوتی مەلا رەشید گەردی.
9-دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی کۆنکریتی شیشدار لەنێوان ئاڵتون ستی و بنەسڵاوە.
10-چارەسەركردنی كێشەی لافاو لە دەوروبەری شەقامی١٥٠مەتریی خێرا لە هەولێر، لەگەڵ دەیان پرۆژەی جۆراوجۆری تری ئاوەڕۆ و پرد و کونج و پۆند و دروستكردن و فراوانكردنی كەندەکان جێبەجێ كران.


وێڕای ئەو پرۆژانە، سەرجەم تیمەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و ژینگەپارێزی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكومەت لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕاسپێردران بۆ ئەوەی ئامادەكاری تەواو بكەن، پێشوەختە لەگەڵ پلانەكەدا ئامادەكاریی تەواویان كرد و چەندین هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی چەپەر و مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکان لە هەولێر و دەوروبەری ئەنجامدران.
هاوكات سەرەرای ڕێرەوی کەندە سروشتییەکان لە دەرەوە و ناوەوەی شار لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر و ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی ڕێرەوەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ خاوێنكرانەوە و ئێستاش چاودێری دەكرێن، خۆشبەختانە هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و كۆبوونەوەی ئاوی زیادە لە شاری هەولێر سەركەوتوو بێت.