Skip to the content

بڕیارێكی سەرۆكی حكومەت لەبارەی بەناوكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون جێبەجێ دەكرێت

*وۆركشۆپێكی تایبەت بە خێراكردنی پرۆسەی بەناوكردنی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون بەڕێوە چوو.

بڕیارێكی دیكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە لە بەرژەوەندیی دەیان هەزار كەسدایە بۆ ئەوانەی یەكەی نیشتەجێبوونیان هەیە، بەڵام تاوەكوو ئێستا وێنەی تۆماریان نییە، جێبەجێ دەكرێت. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی وەبەرهێنانیش ڕێنماییی پێویست دەدەنە دامودەزگەكانی شارەوانی و وەبەرهێنان، بۆ هەنگاوەكانی داهاتووی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، وۆركشۆپێكی تایبەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە(٦٣٢ لە ٣ی ئاداری ٢٠٢٤) سەبارەت بە كردنەوەی یەكەیەكی تایبەت لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان، بە مەبەستی تۆماركردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان و تایبەتەكان بەڕێوە چوو.

وۆركشۆپەكە لە شاری هەولێر بە بەشداری ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت، بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆكی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەرانی گشتی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی دەستەی وەبەرهێنان و ژمارەیەكی تر لە ئەندازیاران ساز كرا.

لە وۆركشۆپەكە چەند پرۆگرامێك پێشكەش كران، لەوانە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بە ژمارە (٦٣٢)، كە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرچووە، لە بەرژەوەندیی دەیان هەزار كەسدایە ڕەهەند و ئامانجەكانی شیكرایەوە، هەروەها ئەو هەنگاوانەی تاوەكوو ئێستا لە چوارچێوەی بڕیارەكەدا كاریان لەسەر كراوە، لەگەڵ هێنانەكایەی یەكەیەكی یەكخستن و جیاكردنەوەی پرۆژە نیشتەجێبووەكان لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان، لەگەڵ شێوازی كاركردنی لیژنە و یەكەكانی پەیوەست بەو بڕیارە تاووتوێ كران.

لە وۆركشۆپەكەدا هەر یەكە لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان گوتاریان پێشكەش كرد. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لە گوتارەكانیاندا باسیان لە گرنگیی بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت و جێبەجێكردنی كرد، بە مەبەستی تۆماركردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان، كە بە دەیان هەزار كەس لەو بڕیارە سوودمەند دەبن. هاوكات ئامانجی بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەتیان شیكردەوە و ڕێنماییی پێویستیان خستە ڕوو، سەبارەت بە چۆنییەتی جێبەجێكردن و هەنگاوەكانی دواتری، بە جۆرێك لە بەرژەوەندیی ئەو كەسانەدا بێت بڕیارەكە دەیانگرێتەوە، ئەمەش وەك هەنگاوێكی تری حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و چارەسەركردنی گرفتی هاووڵاتییان بە تایبەتی كە خاوەنی یەكەكانی نیشتەجێبوون بەو بڕیارە خۆشحاڵ دەبن.

دواتر لەلایەن ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی و ئەندازیارانەوە گفتوگۆی پێویست سەبارەت بە گرنگیی جێبەجێكردنی بڕیارەكە و ئامانجەكانی وۆركشۆپەكە كرا و لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و ڕێكخەرانی وۆركشۆپەكەوە وەڵام درانەوە.