وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر دەكات
ڕۆژى سێشەممە ٣٠ى تهمووزى ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێری كرد و لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرجەم سەرۆك بەش و فەرمانبەرانی فەرمانگەكە كۆبووەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوە چوو، هەر یەك لە د. چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و شوكریە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و سەرجەم سەرۆك بەش و ئەندازیاران و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكە ئامادەی بوون، چەندین تەوەری گرنگ گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بەدواداچوون بۆ ئیشوكارەكان و چۆنیيەتی ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و نەهێشتنی ڕۆتین و خێراتركردنی بەڕێوەبردنی كاروباری بەڕێوەبەرایەتییەكە و چارەسەركردنی گرفتەكانیان كرایەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی قسەكانیدا باسی لە گرنگیی ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لەڕووی شارسازی و پلانسازییەوە كرد، بۆ گەشەپێدانی شاری هەولێر و ئاماژەی بەوەش كرد "ئەدای ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕەنگدانەوەی لەسەر سیاسەتی حكومەت بۆ گەشەپێدانی شارەكە دەبێت" و لەو سۆنگەیەوە تیشكی خستە سەر ڕوانگەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بایەخدانی زۆر بە گەشەپێدانی شارەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتییان بە باشترین شێوە كە چەقی گرنگیدانی حكومەتن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش كرد سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لەسەر خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان لە هەموو سێكتەرەكان دەكاتەوە بەوەی دەبێت بە باشترین كوالێتی و شێوە خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتییان بكرێت و شارەكانیش لەڕووی شارستانییەوە برەوی زیاتریان پێ بدرێت، كە گەشەپێدانی شارەكان یەكێكە لە كارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوای لە بەڕێوەبەرایەتییەكە كرد پێویستە دووبارە پێداچوونەوە بە ئەدایاندا بكەن، بە ڕێكخستنەوەی تەواوی پلانی كاركردنیان بەو ئامانجەی بتوانن خزمەتی زیاتر و باشتر پێشكەش بە شاری هەولێر و هاووڵاتییانی بكەن.
هاوكات جەختی لەسەر نەهێشتنی ڕۆتین لە بەڕێكردنی كارەكان كردەوە و داوای لێ كردن ئیشوكاری هاووڵاتییان باشتر و خێراتر بەڕێوە ببەن. لەمبارەیەوە گوتی: دەبێت ڕێز لە مامەڵەی هاووڵاتییان بگرن و بەردەوام خۆتان لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ كارەكانیان بكەن و بە هیچ شێوەیەك نابێت كەمتەرخەمی بنوێن.
لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی سەرۆك بەش و ئەندازیاران و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی كرد، بەوەی لە ڕابردوودا كاری باشیان كردووە، ئاماژەی بەوەش كرد: ئامانجی حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ خزمەتكردنی خەڵك گەورەترە، بۆیە پێویستە بەگوێرەی یاسا ئەدای كارەكانیان خێراتر و باشتر بكەن، بەرانبەر بە هاووڵاتییانیش دڵفراوان بن، چونكە ئامانجی سەرەكیی حكومەت و سەرۆكوەزیران خزمەتگەیاندنی زیاتر بە خەڵك و پەرەپێدانی شارەكانە لەڕووی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانەوە.
هاوكات ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بەسەر كردەوە و بەدواداچوونی بۆ داواكاری و پێداویستیی فەرمانبەران كرد، وەكوو دابینكردنی كۆمپیوتەر و ئەو پێداویستییانەی بۆ ڕاییكردنی كاروباری هاووڵاتییان و فەرمانگەكە پێویستن، لەلایەكی دیكەوە چاوی بە ژمارەیەك هاووڵاتی كەوت، كە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان كردبوو، لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ مامەڵەكانیان كرد و خۆی لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانە سەردانی بەشەكانی كرد بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری دواكەوتنی مامەڵەی هاووڵاتییان بكات، بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەر و سەرۆك بەشەكانی ڕاسپارد بەزووترین كات مامەڵەی هاووڵاتییان بەپێی ڕێنمایی و یاسابەركارەكان ڕایی بكەن.