Skip to the content

گوژمەی 557 ملیۆن دینار بۆ شاری هەڵەبجە خەرج كرا

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گوژمەی ٥٥٧ ملیۆن و ٤٨٠ هەزار دینار بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەكەدا خەرج دەكرێت، هەر ئەمڕۆش گوژمەكە لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕادەستی سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە كرا.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان و پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ سەلام بیلال ئەسكەندەر، سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە كۆبووەوە و باسیان لە جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شاری هەڵەبجە كرد، ئەو پرۆژانە لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دێت، كە لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ شاری هەڵەبجە بڕیاری دا ژمارەیەك پرۆژە لە هەڵەبجە جێبەجێ بكرێن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجەی ڕاگەیاند ئەو گوژمەیە لەسەر فەرمانی جەنابی مەسرور بارزانی، لەلایەن نووسینگەی سەرۆكوەزیرانەوە بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە تەرخان کرا، بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و گوژمەكەش بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕادەستی سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجەی ڕاسپارد، بۆ ئەوەی بەزووترین كات دەست بكەن بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە و هەروەها جەختی لەسەر جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی دیكەش لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی سەرۆكوەزیران بۆ شاری هەڵەبجە كردەوە.