Skip to the content

قۆناغی یەکەمی پرۆژەی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس و یوتێرنی مالتا لە دهۆك تەواو كرا

ڕۆژی دووشەممە ٤ی ئاداری ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك، و سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك و كۆمپانیای جێبەجێكار و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی سنوورەكە و ئەندازیارانی پرۆژەكە، ڕێوڕەسمی تەواوبوونی قۆناغی یەكەمی پرۆژەی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی بناڤێ و یوتێرنی مالتا لە شاری دهۆك بەڕێوە چوو.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە گوتارێكدا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و ئاماژەی بەوە كرد "ئەو پرۆژەیە زووتر لە وادەی خۆیدا تەواو كرا، كە خزمەتێكی زۆر پێشكەش بە دانیشتووانی شاری دهۆك و دەوروبەری دەكات."
هەروەها گوتیشی "لە كاتێكدا ئەو پرۆژەیە بەڕووی خەڵكدا دەكەینەوە، ڕۆژانە گرفت و بەربەست بۆ بودجە و مووچەخۆران دروست دەكرێت و هەوڵ دەدرێت ئاستەنگ بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكرێت، بەڵام خۆشبەختانە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتیی دڵسۆزان و خەڵكی كوردستان بە پرۆژە و خزمەتكردن، وەڵامی ئەو قورسایی و زەحمەتییانە دەداتەوە كە ڕووبەڕووی حكومەت و هاووڵاتییان دەبنەوە."

ساسان عەونی، گوتیشی: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئێمە دەبێت هەموومان خزمەتی هاووڵاتییان بكەین و هاووڵاتییان چەقی بڕوا و خزمەتكردن بن. بۆیە بەڵێن بە دانیشتووانی دهۆك و سەرجەم شار و شارۆچكە و ئیدارە سەربەخۆكان دەدەین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئیرادە و باوەڕەوە لە خزمەتكردنی شارەكان و خەڵكی كوردستان بەردەوام دەبێت.
شایەنی باسە ئەو پرۆژەیە لە ڕۆژی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی زیاتر لە ١٣ ملیار دینار لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەكەی لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری دهۆكەوە داندرا.

ئەو پرۆژەیە لە چوارچێوەی پلانی شارەوانی لەبواری شەقام و ڕێگەوباندا، یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی حكومەت لە شاری دهۆك و دەوروبەری كە ڕۆڵێكی بەرچاوی لە كەمكردنەوەی جەنجاڵی و ئاسانكاریی هاتوچۆ لە سەنتەری شاری دهۆك و جوڵەی بازرگانی لە سنوورەكەدا دەبێت.