Skip to the content

هەردوو شوێنەواری دلبێ و كەمبەلانی لە دهۆك نۆژەن دەكرێنەوە

لە چوارچێوەی گرنگیدانەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێگە شوێنەوارییەكان، لەسەر داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی (قەسرێن دلبێ و كەمەلانی-كەمبەلاند) لە پارێزگەی دهۆك كرا.
ئەو پرۆژەیە بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و بە چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت.
قەسرا كەمبەلانی-كەمبەلاند، یەكێكە لە شوێنە شوێنەوارییە گرنگەكان و دەكەوێتە سەنتەری شاری دهۆك، تەلارسازییەكی دێرینە و لە ساڵی ١٩٢٧ دروست كراوە، یەکەم جار وەک شوێنێ حەواندنەوە بەکار هاتووە، دواتر وەك نەخۆشخانەیەك و پاشان وەك بنكەیەكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆستە و گەیاندن بەكار هێندراوە، ئێستاش بە مەبەستی پاراستنی تەلارسازییە كۆنەكەی و سوودلێوەرگرتنی بۆ بابەتی شوێنەواری، نۆژەن دەكرێتەوە.

قەسرا دلبێ، دەكەوێتە گوندی (دلبێ)ــى سەر بە شارۆچكه‌ى سێمێل، بە شێوازێكی جیاواز لەڕووی بیناسازی و تەلارسازییەوە، لە نێوان ساڵانی (١٩٠٠- ١٩٠٥) لەلایەن حاجی محەمەد سلێمان نائیب كە بە حاجی محەمەد ئەفەندی نائب ناسراوە دروست كراوە. ئەو شوێنە تەلارسازییە كەوتووەتە شوێنێكی بەرز و نۆژەنكردنەوەی سوودێكی گرنگی بۆ بابەتی شوێنەوار و گەشتیاری لە سنوری پارێزگەی دهۆك دەبێت.