وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ كارەكان و پلانی شوێنەوار بۆ ساڵی 2024 دەكات
ڕۆژی سێشەممە 12ی ئاداری 2024، لە شاری هەولێر، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی كارەكان و پلانی نوێی پەرەپێدانی سێكتەری شوێنەوار بۆ ساڵی 2024 لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.
شایەنی باسە، بەمەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە سێكتەرەكە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا، بڕیاریدا بە تەرخانكردنی بڕی 900 ملیۆن دیناری ساڵانە، بۆ پاراستنی شوێنە شوێنەواری و پەرەپێدانی پرۆژەی شوێنەواری لە هەرێمی كوردستان.
لەو كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆدا كە هەر یەكە لە بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و سەرجەم بەڕێوەبەرانی شوێنەوار و كەلەپوور لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان ئامادەبوون. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پاڵپشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بەمەبەستی بووژانەوەی زیاتری سێكتەرەكە و گرتنەبەری پلانی نوێی شوێنەواری دووپات كردەوە.
جگە لەوە چەند تەوەرێكی گرنگ تاووتوێ كران و گفتوگۆ سەبارەت بە بەرەوپێشبردنی ئەو سێكتەرە گرنگەی حكومەت كرا، هاوكات هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی ساڵی 2023ــیش كرا، هەروەها گفتوگۆی چڕ لەسەر پلانی نوێی شوێنەوار بۆ ساڵی 2024 كرا، كە دەبێت كاری زیاتر و باشتر لە بواری شوێنەواردا بكرێت.
ساسان عەونی لە بەشێكی قسەكانیدا باسی لە ڕوانگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بایەخدان بە سێكتەرەكە كرد و ئاماژەی بەوە كرد ئەو سێكتەرە بە لای حكومەتەوە جێی بایەخ و گرنگیپێدانە و حکومەت پاڵپشتیی تیمەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شوێنەوار دەكات، بەتایبەتی كاركردنی زیاتر لەگەڵ تیمی زانكۆ ناوخۆیی و بیانییەكان و ئاژانس و ڕێكخراوەكان كە لە بواری شوێنەواردا شارەزاییان هەیە و كار دەكەن.