به گوژمهى زیاتر لە 3 ملیار و 422 ملیۆن دينار پرۆژەی پاركێك لە شەقامی هەولێر- مووسڵ دەست پێ دەكات
ڕۆژى شەممە ١٨ــی ئايارى ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر، پرۆژەی سەوزكردنی یەكتربڕی شەقامی هەولێر- مووسڵ لەگەڵ شەقامی خێرای ١٢٠م لە شاری هەولێر دەستیپێكرد و لە ماوەی شەش مانگدا تەواو دەكرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە شوێنی دەستپێكردنی پرۆژەكە بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن ناوەڕۆكی پرۆژەكەی ڕاگەیاند و گوتی: خۆشحاڵین كە ئەمڕۆ لەگەڵ جەنابی پارێزگاری هەولێر دەستپێكردنی پرۆژەی سەوزكردنی یەكتربڕی شەقامی هەولێر- مووسڵ لەگەڵ شەقامی خێرای ١٢٠م و هەڵمەتی سەوزكردنی ئەو شوێنە ڕادەگەیەنین، ئەو پرۆژانە لە شوێنەكانی دیكەش بەردەوام دەبن.
ئەو پرۆژانەی سەوزكردن و دروستكردنی پارك لە شاری هەولێردا، بەپێی ڕێنمایی و لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جێبەجێ دەكرێن و تێچووهكهشيان لەلایەن نووسینگەی سەرۆكوەزیرانەوە دابین كراوە.
ئەو یەكتربڕە یەكێكە لە دەروازە سەرەكییەكانی هەولێر- مووسڵ و لەسەر ڕووبەری ٢٠٥ ههزار مهتر دووجا، كاری سەوزكردنی تێدا دهكرێت، و نزیكەی ٣٠ هەزار داری تێدا دەڕوێندرێت، لەگەڵ ١٠ هەزار گوڵ و نەمامی بچووك و بە ڕووبەری زیاتر لە ٢٠ ههزار مهتر دووجاش چیمەنی لێ دەڕوێندرێت، هەروەها لێدانی بیری ئاو و خەزانی كۆكردنەوەی ئاو و دانانی سیستەمی ئاودێری بۆ ئاودانی ئەو ناوچە سەوزاییە.
گوژمەی پرۆژەی سەوزكردنی یەكتربڕی شەقامی هەولێر- مووسڵ لەگەڵ شەقامی خێرای ١٢٠م لە شاری هەولێر زیاتر لە ٣ ملیار و ٤٢٢ ملیۆن دینارە، كە لەلایەن نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دابین كراوە و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت.
شایەنی باسە، ڕۆژی سێشەممەى ڕابردوو ١٤ی ئایاری ٢٠٢٤، پرۆژەیەكی تری سەوزكردنی ئاڵوگۆڕكەری شەقامی ١٥٠مەتریی ڕێگەی هەولێر- شەقڵاوە بە گوژمەی زیاتر لە ٣ ملیار و ٦٩٠ ملیۆن دینار تەواو كرا.