Skip to the content

بە گوژمەی زياتر له‌ 3 ملیار و 690 ملیۆن دینار پاركێكی مۆدێرن لەسەر شەقامی هەولێر- شەقڵاوە تەواوكرا

ڕۆژى سێشەممە، ١٤ــی ئایاری ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕێوڕەسمی تەواوبوونی پرۆژەی سەوزكردنی ئاڵوگۆڕكەری شەقامی ١٥٠مەتریی ڕێگەی هەولێر - شەقڵاوە، بە گوژمەی زیاتر لە ٣ ملیار و ٦٩٠ ملیۆن دینار بەڕێوەچوو. كه‌ یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر، بەمەبەستی زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی  و بایەخدان بە ژینگە و جوانتركردنی سیمای شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراوە و لەسەر تەرخانكردنی تایبەتی نووسینگەی سەرۆكی حكومەتەوە جێبەجێ كراوە. بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر، لە ماوەیەكی كەمدا تەواو كراوە.

پرۆژەكە چەندین تایبەتمەندی لەخۆ دەگرێت، وەكوو: چاندنی زیاتر لە ٤٥ هەزار داری گەورە و بچووك، كە ٥ هەزار و ٥٠٠ داریان گەورەن، لەگەڵ نزیكەی ٢٠ هەزار گوڵی جۆراوجۆر. هەروەها بە ڕووبەری ٢٣ هەزار مەتریش چیمەنی هەمیشەسەوزی تێدا بەكارهاتووە، لەگەڵ دەیان تایبەتمەندیی دیكەی وەكوو لێدانی دوو بیری ئاو بۆ ئاودانی  و دروستكردنی دوو عەمباری ئاو و دانانی ماتۆڕی ئاو و سیستەمی ئاودانی دار و فریز و بەشەكانی تری پاركەكە.

لە سەرەتای كابینەی نۆیەمەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام جەختی لە بەرزكردنەوەی ئاستی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان كردۆته‌وه‌، بۆ ئەمەش وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار چەندین پرۆژەی جۆراوجۆری جێبەجێ كردووە.