Skip to the content

هەنگاوە كردارییەكانی دابەشكردنی زەوی دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ـی ئایاری ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دووەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانی، بەمەبەستی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەکان، بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەڕێوەچوو.

كۆبوونەوەكە بە بەشداریی ڕاوێژكاران، بەڕێوەبەرانی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، یاسا لە وەزارەت، بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان، سەرۆكی شارەوانییەكان، بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوەچوو.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ كاری شارەوانییەكان كرد، كە لە كۆبوونەوەی ڕابردوودا ڕایسپاردبوون بۆ زانینی ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران و دابینكردنی زەوی و نەخشەی زەوی و دیاریكردنی شوێن و گرفتە تەكنیكی و یاساییەكان، لە سنووری شارەوانییەكانیان، بۆ ئەوەی بەزوویی فەرمانبەران لە بڕیارەكەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی سوودمەند ببن.

ساسان عەونی جەختی لەسەر پەلەكردن لە پرۆسەكە كردەوە و داوای لێ كردن تاوەکوو هەفتەی داهاتوو، سەرجەم شارەوانییەكان ڕاپۆرتێكی تێروتەسەل و تەواو ئامادە بكەن، تێیدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی دابینكردنی زەوی لەسەر نەخشەدا دیاری بكرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر زەوی لە سنووری ماستەرپلاندا بەردەست نەبوو، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەند ببن، پێویستە ماستەرپلانی شارەوانییەکان فراوان بکەن و زەوی دابین بکەن.