وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی خێراکردنی ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی لەگەڵ سەرجەم شارەوانییەکان کۆدەبێتەوە
ڕۆژی یەكشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی و یاسا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆكی شارەوانییەكانی سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ڕێكارەكانی دابەشكردنی زەوی بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا بەدواداچوون بۆ كارەكانی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی كرا، كە لە چەند ڕۆژی پێشوودا لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە داوا لە سەرجەم شارەوانییەكان كرابوو، دەست بە ڕێكارەكانی پرۆسەكە بكەن و لەسەر نەخشە، زەویی پێشنیازكراو دەستنیشان بكەن، لەگەڵ دیاریكردنی كێشە و گرفتەكانیان، ئەمڕۆ سەرجەم شارەوانییەكان نەخشەكانیان ڕادەستی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد. هەروەها ئەو كێشە و گیروگرفتانەی لە پرۆسەی دابەشكردنی زەویدا دێنە بەردەم شارەوانییەكان و بابەتی دابینكردنی زەوی و كوژاندنەوەی زەوی و فراوانكردنی ماستەرپلانی هەندێك لە شارەوانییەكان تاووتوێ كران.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە بەشێكی قسەكانیدا، جەختی لە سووربوونى حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دابەشكردنی زەوی كردەوە و گوتى: پێویستە لە سنووری شارەوانییەكان زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت و ئەو شارەوانییانەی كە زەوییان نییە لە شوێنی دیكە دابینی بكەن، هەروەها جەختیشی لەسەر دیاریكردنی ستافێكی تایبەت لە شارەوانییەكان بۆ ڕووپێویكردنی زەوی و بەڕێوەبردنی پرۆسەكە كردەوە و ئاماژەی بەوەش كرد "دابەشكردنی زەوی لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانە و پێویستە ئەو پرۆسەیە بە خێرایی و بە ڕێكوپێكی بەڕێوە بچێت."