وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ تیمی تەكنیكی كار TWGی ماستەرپلانی هەولێر كۆدەبێتەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ٢ـی ئایاری ٢٠٢٤،، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، كۆبوونەوەی تیمی تەكنیكی كار (TWG)ـی تایبەت بە پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و یاریدەدەری بەڕێوەبەری پرۆژەكە و سەرۆك و ئەندامانی هەر چوار تیمی تەكنیكی كار، کە نوێنەرایەتیی چەندین فەرمانگە و وەزارەتە پەیوەندارەكان لە تەواوی سێكتەرەكان دەكەن بەڕێوە چوو. تێیدا كارەكانی هەر چوار تیمی تەكنیكی كار لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا، لە كۆكردنەوەی داتا و زانیاری و كارە تەكنیكییەكان خرانە ڕوو و گفتوگۆیان لەسەر كرا و ئەندامانی تیمەكان پێشنیار و سەرنجەكانی خۆیان سەبارەت بە پرۆژەکە، گەیاندە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی قسەكانیدا باسی لە گرنگیی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەولێر كرد و ئاماژەی بەوە كرد "جێگەی شانازییە و كارێكی گەورە و بەرپرسیاریەتییە كە كار لەو پرۆژەیەدا دەكەن."
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو پرۆژەیە هۆكارێكە كە ژیان لە شاری هەولێردا بە ئاراستە تەندروستەكەیدا لەڕووی گەشەسەندنەوە بەرەوپێش بچێت، بۆیە پێویستە زۆر بەجدی كاری تێدا بكەن و لە ماوەیەكی دیاریكراودا سەرجەم كارەكانی پرۆژەكە تەواو بكرێن و ڕابگەیەندرێت.
هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی تیمەكانی كرد كە نزیكەی دوو ساڵە زۆر بەباشی كار لە پرۆژەكەدا دەكەن و ئەركەكانیان ڕاییكردووە و ئەنجامی باشیان بەدەست هێناوە، جەختیشی لەوە كردەوە، پێویستە لەمەودوا كارەكان زیاتر بكەن بەو پێیەی نزیك دەبینەوە لە كۆتاییی پرۆژەكە و پێویستە لە ماوەیەكی دیاریكراودا سەرجەم كارەكانی تەواو بكرێت و ڕادەگەیەندرێت.