پرۆژەی دروستكردنی 118 شەقام بە گوژمهى زیاتر لە 2 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت
ڕۆژى دووشەممە ١٣ــی ئایاری ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، سەردانی پرۆژەی دروستكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی ناوچەی (پەرەپێدان لە نزیک گوندی پیرەش)ــيان كرد له شارى ههولێر و بەدواداچوونیان بۆ كارەكانی پرۆژەكە كرد، هاوكات جەختیان لەسەر ڕێپێدانی دروستكردنی خانوو بۆ هاووڵاتییانی قەرەبووكراوی شوێنەكە كردەوە.
ئەم پرۆژەیە بە گوژمەی زياتر له ٢ مليار دینار، لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانى و گهشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت، كه پێكهاتووە لە ١١٨ شەقام و ئێستا کاری ڕێکخستنەوە و تێکەڵەڕێژکردنی بۆ ئەنجام دەدرێت. هەروەها بڕگەیەكی تری پرۆژەكە بریتییە لە کاری دانانی تۆڕی ئاو و لێدانی بیر و دروستکردنی عەمباری ئاو.
ئەم پرۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر، كە زیاتر لە ٦٠ ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا دەکەن، بۆ ئەوەی بەخێرایی بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان و شۆفێرانی سنوورەكەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، بەدواداچوونیان بۆ كارەكانی پرۆژەكە كرد و هاوكات جەختیان لەسەر ئەوەش كردەوە كە دوای ئەوەی هاووڵاتییانی سنوورەكە قەرەبووكرانەوە بە وێنەی تۆمار (تاپۆ)، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سێ، سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بكەن، بۆ ئەوەی ڕێپێدانی دروستكردنی خانوویان پێ بدرێت و دەست بكەن بە دروستكردنی خانووەكانیان.