بە گوژمەی ملیارێک و 455 ملیۆن دینار بەردی بناغەی شەقامێکی 30 مەتری و ئاوەڕۆیەك دانرا
ڕۆژى سێشەممە ٢١ـى ئادارى ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت و جێگری پارێزگار و قائیمقامی قەزای بنەسڵاوە و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکومی و حزبيى سنوورەكە، بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی شەقامێکی سەرەكيی ٣٠ مەتری داندرا، کە ناوچەی پیشەسازی بە دارەتووی کۆن دەبەستێتەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەكەدا، بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن باسی لە ناوەڕۆكی پرۆژەكە كرد و خۆشحاڵيی خۆی بە دەستپێكردنی پرۆژەی دروستكردنی ئەو شەقامە دەربڕی. سەبارەت به جێبەجێكردنی پرۆژە و گەیاندنی خزمەتگوزاری لە شار و شارۆچكەكان، ئاماژەی بەوە كرد: حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕاسپاردە و ڕێنماییەكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، لە جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەر شوێنێكدا كە خزمەتگوزاری پێویست بێت، بەردەوام دەبێت و حكومەت درێغی لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان ناكات.
سەبارەت بە گوژمەی پرۆژەكەی دارەتوو، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: گوژمەی ئەو پرۆژەیە ملیارێك و ٤٥٥ ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت و پێكهاتووە لە دروستكردنی شەقامێكی ٣٠ مەتری و ئاوەڕۆیەكی لوولەیی. لەبارەی گرنگيی ئەو پرۆژەیە ئاماژەی بەوە كرد "پرۆژەكە خزمەتێكی زۆر بە هاووڵاتییانی دارەتوو دەكات".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: هەموو فەرمانگەكانمان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەر شوێنێك پێویستn بە خزمەتگوزاری هەبێت، درێغی ناكەن لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان و دەستی ئاوەدانيی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو شوێنە دەبێت كە پێویستی بە خزمەتگوزاری دەبێت.