وهزيرى شارهوانى و گهشتوگوزار: پشكنین لە پێگە شوێنەوارییەكانی كوردستان دەكرێت
ئێوارەی ڕۆژى دووشەممە ٢٠ ئایاری ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكومی و حزبى، و شوێنەوارناسانی كوردستانى و بیانی، دیدارێكی تایبەت بۆ بەرزڕاگرتنی دۆزینەوەی ئێسكەسەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشكەوتی شانەدەر لە دەڤەری بارزان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەكەدا سەرپەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتارێكی پێشكەش كرد و باسی لە گرنگيی ئەو دۆزینەوەیە كرد، دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتارێكی سەبارەت بە وردەكارییەكانی دۆزینەوەی ئێسكەسەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ پێشكەش كرد، هەروەها پانێلێك بۆ هەر یەكە لە پرۆفیسۆر گرایم باركەر و دكتۆرە ئیما پۆمێرۆی لە زانكۆی كامبریجی بەریتانی و دەرهێنەری بەڵگەفیلمی نیاندەرتاڵ و بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران پێشكەش كرا، كە تێیدا جەختیان لە گرنگيی ئەو دۆزینەوەیە كرد و دواتر خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە پێشكەش بە تیمەكانی شوێنەواری كوردستان و زانكۆی كامبریجی بەریتانيايى كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە بەشێكی گوتارەكەیدا، خۆشحاڵيی خۆی سەبارەت بە دۆزینەوەی ئەو ئێسكەسەرەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە یەكێك لە دێرینترین شوێنە شوێنەوارییەكانی جیهان لە شانەدەری لانكە و پێگەی ژیانی مرۆڤ دهربڕى. سەبارەت بەو دۆزینەوەیە گوتیشی: ئێسكەسەری ئافرەتێكی تەمەن ٤٠ تا ٤٥ ساڵ مەزەندە دەكرێت و لە قووڵایی ١٤ مەتر لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە بایەخدان و ڕوانگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پێگە شوێنەوارییەكانی هەرێمی كوردستان، گوتی: سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، زۆر بە گرنگییەوە لە بایەخی شوێنەوارەكانی كوردستان دەڕوانێت و وەكوو سەرمایەيهكی كولتووریی كۆكەرەوەی هاوبەشی، نەك تەنیا كوردستان، بەڵكوو هەموو جیهان و بۆ مرۆڤایەتی دەزانن و بەردەوامن لە هەوڵ و بایەخدان بەو بوارە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەموو هەماهەنگییەكی پێویست لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە زانستییەكان دەكات، بۆ بووژانەوەی پێگە شوێنەوارییەكان.
لە بەشێكی ديكهى قسەكانیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە پێگەی شانەدەر گوتی: شانەدەر كەوتووەتە دەڤەری بارزان، كە تاوەكوو ئێستاش خاوەنی كۆنسێتی بەهادارە لەڕووی پاراستنی ژینگە و سرووشت و ژیان و بەرخودان و بەردەوامی، سەرەڕای ئەوەی لە سەت ساڵی ڕابردوودا، ڕژێمە جیاوازەكانی عێراق ئەو ناوچەیان بە هەموو جۆرە چەكێكی قورس و قەدەغەكراو سووتاندووە و بۆنی ژیانیان لێ نەهێشتبوو، بەڵام شانەدەر ئەو دەڤەرە و خاكی كوردستان بە گشتی، یەكێكن لەو شوێنە دەگمەن و سەرەتایانەی ژیانی مرۆڤ و سەرهەڵدانی شارستانیيەت، كە پاشماوە شوێنەوارییەكانی ئێرە بەردەوام بەڵگەی گرنگ و نوێی زانستی دەخاتە سەر زانستی شوێنەواری و ئەنترۆپۆلۆجیا و دواترین و گرنگترین بەڵگەش، ئەو كارەی كە پرۆفیسۆر گرایم باركەر و تیمی زانكۆی كامبریجی بەریتانیايى بە ههماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران و فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر ئەنجامیان دا، لە ماوەی ڕێپێدانیان لە سێ خولی هەڵكۆڵینی زانستيی شوێنەواری لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٩ و دواتر تا ٢٠٢٤ و لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، بەرهەمی ئەو هەماهەنگییە، دۆزینەوەی پارچەكانی ئێسكی ئەو كەلـلەسەرەی ئافرەتێكی نیاندەرتاڵە كە تەمەنی بۆ بەر لە ٧٥ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.
ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم دۆزینەوە گرنگە زۆر لە دیدگه و تیۆرییەكانی ژیان و پێشكەوتنی مرۆڤ دەگۆڕێت و بەهای زانستيی زیاتر دەخاتە سەر تیۆرییەكانى زانستی شوێنەواری و ئەنترۆپۆلۆجیاوە و هەروەها گرنگی و بایەخی شانەدەر و كوردستانیش وەكوو لانكەی شارستانیيەت و مرۆڤایەتی بەدیار دەخات، كە كاریگەرییەكانی ئەو دۆزینەوەیە هانی زیاتری زانكۆ و ناوەندە زانستییەكانی جیهان دەدات، بۆ ئەوەی بێنە كوردستان و كاری زیاتر لەو بوارەدا بكەن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: زیاتر لە پێنج هەزار پێگەی شوێنەواری لە كوردستان هەن، ئێستاش حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ زیاتر لە ٣٥ زانكۆی جیهان كردووە و بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و شوێنەوار، كاری كنەوپشكنین لە پێگە شوێنەوارییەكانی كوردستان دەكرێت، هەروەها باسی لەوەش كرد لە كابینەی نۆیەمدا وەك دەستكەوتێك بۆ یەكەم جار یاسای شوێنەوار دەركراوە كە بەپێی ئەو یاسایە پارێزگاری لە شوێنەوارەكان دەكرێت و پەرەی زیاتریان پێ دەدرێت.
سەبارەت بە بەستنەوەی شوێنەوار بە گەشتوگوزار و هەوڵەكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو بابەتە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد كە یەكێك لە دیدگهكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئەوەیە بۆ برەوپێدانی زیاتر بە كەرتی گەشتوگوزار، سوود لە پێگە شوێنەوارییە دێرین و ناوازەكان وەربگیرێت، كە لە وڵاتەكەماندا هەن، كە نموونە و هاوشێوەیان لە هیچ شوێنێكی ديكهى جیهاندا نیيه، ئەویش بە كاركردنى بهردهوام لەو پێگانە و گەیاندنی ڕێگەوبان و دامەزراندنی خزمەتگوزاری و ژێرخان لەو شوێنانە، بۆ ئەوەی بتواندرێت خزمەتی زیاتری خەڵكی كوردستان و گەشتیاران بكرێت.