ئامادەكاری بۆ ڕاگەیاندنی ناوی دیكەی فەرمانبەران دەكرێت بۆ وهرگرتنى زهوى
ئەمڕۆ پێنجەممە 28ى تشرينى دووهمى 2024، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، وۆرکشۆپی بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دابەشکردنی زەوی، لە ڕووی پلانسازییەوە بەسەر فەرمانبەراندا، بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەکە بەڕێوەچوو.
وۆرکشۆپەکە بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە بەشداریی ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆکى شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی، لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
ساسان عەونی، لە گوتەیەکدا تیشکی خستە سەر گرنگیی وۆرکشۆپەکە بە مەبەستی باشتركردن و خێراكردنی پرۆسەكە. لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد کە وۆرکشۆپی بەدواچوون بۆ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەیە کە لە هەندێک شارەوانیدا هەن و ئاماژەی بەوەش کرد ئەو وۆرکشۆپە زۆر گرنکە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابەشکردنی زەوی بە بڕیارێکی گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بەوە كرد كە: لە ماوەی ئەو چەند مانگەی بڕیاری دابەشكردنی زەوی، هەندێك لە شارەوانییەكان مەودایەكی باشی كاركردنیان بڕیوە، تا ئاستی دابەشكردنی ژمارەی زەوییەكان بەسەر فەرمانبەراندا. ساسان عهونى جەختی لهوهش كردهوه کە دەبێت ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجەکانی بگات و ئەو گرفتانەی لە هەندێک شارەوانیدا هەن، پێویستە بەزوویی چارەسەر بکرێن و پرۆسەکە خێراتر بکرێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە، زەوی وەربگرن و لە بڕیارەکەی حکومەت سوودمەند ببن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کرد لە دوای بڕیارەکەوە کاری زۆر باش کراوە و سوپاسی تیمەکانی شارەوانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکان و ليژنەکان کرد و هاوکات داوای لە سەرجەم شارەوانییەکانیش کرد كە دەبێت ئەو پرۆسەیە لەڕووی پلانسازییەوە خێراتر و باشتر بکرێت. وێڕای پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، پێویستە دابەشکردنی زەوی، کاری جدی لەسەر بکرێت و هەر کێشەیەکیش بێتە بەردەم شارەوانییەکان، پێویستە بەزوویی چارەسەری بکەن. جەختیشی کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک کەمتەرخەمی قبووڵ ناکرێت و بەردەوام بەدواچوونی ئەو پرۆسەیە دەکەین، بۆ ئەوەی بڕیارەکەی حکومەت بە ئامانجەکانی خۆی بگات، کە پێدانی زەوییە بە فەرمانبەران.
جێگەی باسە، ئێستا كاركردن لە فۆڕمەكانی دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردەوامە و پرۆسەكەش بە باشی بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران بەپێی مەرج و ڕێنماییەكان زەوی وەربگرن و لە ئێستاشدا ئامادەكاری بۆ ڕاگەیاندنی ناوی دیكەی فەرمانبەران دەكرێت.
ئەو وۆرکشۆپە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێکخرا، هەروەها لە ڕێگەی داتاشۆوە سەرجەم شارەوانییەکان کارەکانی خۆیان سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی خستەڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا بۆ ئەوەی وەک ئەزموونێک بێت بۆ ئەو شارەوانییانەی لەمیانەی کارکردنی پرۆسەکەدا گرفتیان هاتووەتە بەردەم، کە وۆرکشۆپەکە یەکێک لە ئامانجەکانی چارەسەرکردنی گرفتەكانە بۆ خێراکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.