Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە شاندێكی مۆزەخانەی نیشتمانیی تۆكیۆ و جایكای ژاپۆنی دەكات

ڕۆژى سێشەممە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازى له‌ شاندێكی ژاپۆنی كرد، كە لە بواری مۆزەخانە و پرۆژەی خزمەتگوزاریدا كار دەكەن.
شاندەكەی ژاپۆن پێكهاتبوون لە د. یوجی کوریهارا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی مۆزەخانەی نیشتمانیی سروشت و زانست لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن و سوزوکی هیرۆشی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکا لە عێراق و جێن یۆنێدا، بەڕێوەبەری پێشووی ئۆفیسی جایکا لە عێراق و ئامۆژگار حەوێزی، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پرۆگرامەکان و جەلال محەمەد، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پرۆگرامەکان و نوێنەری جایکا.
لەو دیدارەدا چەند تەوەرێكی گرنگ لە بواری شوێنەوار و مۆزەخانەكان و پرۆژەی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان تاووتوێ كران و جەخت لە بەردەواميی كاركردنی پێكەوەیی كرایەوە.
ساسان عەونی، سوپاسی تیمەكانی جایكای كرد، كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هاوكار و پاڵپشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوون، لە بواری جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و ماستەرپلان و خول و ڕاهێنانی فەرمانبەرانی حكومەت، بە تایبەتی لە بواری شوێنەواردا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و بەردەواميی كاركردنی پێكەوەیی لە بواری شوێنەوار و كەلەپوور و پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان بە گرنگ وەسفكرد و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیيی تەواوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ده‌ربڕى.