Skip to the content

سیمینارێکی تایبەت بە توانای مۆزەخانەكان پێشكەش كرا

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سیمیناری توانای مۆزەخانەكان، سەبارەت بە ئاشناكردنی ئەزموونی ژاپۆن لە بواری شوێنەوار و مۆزەخانەكاندا پێشكەش كرا.
سیمینارەكە لەلایەن د. یوجی کوریهارا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی مۆزەخانەی نیشتمانیی سروشت و زانست لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن پێشكەش كرا، كە بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەڕێوەبەرانی شوێنەوار و كەلەپوور و شاندێكی ئاژانسی جایكای ژاپۆن و ژمارەیەكی دیکە لە شارەزایان و شوێنەوارناسانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون. 
لە سیمینارەكەدا چەند تەوەرێكی گرنگ لەبارەی مۆزەخانە، وەک پێناسەی مۆزەخانە و زانست و پراكتیكی ڕێكخستنی مۆزەخانەكان و بەڕێوەبردنی مۆزەخانە و مۆزەخانەناسی و چەند بوارێكی تری تایبەت بە مۆزەخانە و ئاشناكردنی ئەزموونی ژمارەیەك مۆزەخانەی ژاپۆن لەلایەن جێگری بەڕێوەبەری گشتیی مۆزەخانەی نیشتمانیی تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن پێشكەش كران.
یوجی كوریهارا، كە شارەزای بواری مۆزەخانەیە و لە چەندین مۆزەخانەی گەورەی ژاپۆن كاری كردووە، باسی لە مێژووی بەشێك لە مۆزەخانەكانی تۆكیۆ كرد و هەنگاوەكانی نۆژەنكردنەوەیان و هەتا ڕۆڵی تەكنەلۆژیا لە پەرەپێدانی مۆزەخانەكان كرد. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە هەرێمی كوردستان و عێراق پێگەیەكی گرنگی شوێنەواریان هەیە، بۆیە ئەوان دەخوازن لەو بوارەدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.  
ئاماژەی بە ڕۆڵی مۆزەخانەكان كرد لە پەرەپێدانی داهاتی وڵات، كە لە ڕێگەی گەشتیارییەوە مۆزەخانەكان دەتوانن ئەكتەرێكی بەهێزی ئابووریی وڵات بن. سەبارەت بە چالاكیی مۆزەخانەكانی هەرێمی كوردستانیش خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا كە لە كوردستان چەندین مۆزەخانە هەن، بەردەوام چالاكیی جۆراوجۆری كولتووری و پەروەردەیی ئەنجام دەدەن و ئومێدەوار بوو ئەو چالاكییانە زیاتر بكرێن و ئامادەیی هەر جۆرە هاوكارییەكی دەربڕی، هاوكات جەختی لە بەردەوامی كاركردنی پێكەوەیی لە بواری شوێنەوار و پەرەپێدانی مۆزەخانەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كردەوە.