Skip to the content

كۆنفرانسی "بەهێزكردنی توانا خۆجێییەكانی شارەوانی بۆ كوردستانێكی ئاوەدانتر" بەڕێوە چوو

ڕۆژی سێشەممە ١ى تشرينى يه‌كه‌مى ٢٠٢٤، بە هاوبەشی لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و ڕێكخراوی (VNG)ی هۆڵەندی كۆنفرانسی "بەهێزكردنی توانا خۆجێییەكانی شارەوانی بۆ كوردستانێكی ئاوەدانتر" لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
كۆنفرانسەكە بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەك لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانی و قائیمقامی دهۆك، لایەنی هۆڵەندی هەر یەكە لە ڕۆفڵ ڤان ئیس، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر و پیتەر یۆخنسێ، بەڕێوەبەی VNGی هۆڵەندی و كارۆڵ ڤان ئێخت، سەرۆكی شارەوانیی ڕیدن و ڕەوشەن ئەتروشی، بەڕێوەبەری ئاژانسەكە لە عێراق و ژمارەیەكی دیكەی فەرمانگە و تیمی ئەندازیارانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئەندامانی ئاژانسەكە بەڕێوەچوو.
لەو كۆنفرانسەدا، هەر یەكە لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا و بەڕێوەبەری ئاژانسی VNGی هۆڵەندی گوتاریان پێشكەش كرد و باسیان لە گرنگیی كۆنفرانسەكە و كارەكانی پێشووی ئاژانسەكە لە هەرێمی كوردستان كرد، كە لە بواری هاوكاریكردنی شارەوانییەكان و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا كاری هاوبەشیان كردووە.
ئامانج و گرنگیی كۆنفرانسەكە لەوەدایە هەماهەنگی لە نێوان شارەوانییەكانی كوردستان و شارەوانییەكانی هۆڵەندا پەرەی زیاتری پێ بدرێت، بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی هۆڵەندا لە بواری پەرەپێدانی شارسازی و شارەوانییەکان، بەتایبەتی بابەتی حکومەتی خۆجێی لە شارەكان و ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکە و ئەزموونی هەردوولا، بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگ و کێشە و گرفتانەی دێنە بەردەم شارەوانییەکان لە پرۆسەی پەرەپێدان و ئاوەدانكردنەوەدا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە گوتەیەكدا باسی لە گرنگیی كۆنفرانسەكە بۆ كاركردنی پێكەوەیی لە بوارەكانی هاوكاری و ئاڵوگۆڕی بیرۆكە و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایيی ڕێكخراوەكە بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی توانای شارەوانییەكانی كوردستان كرد و سوپاسی ئاژانسەكەی كرد كە لە ڕابردوو لە چەندین بواردا بە هاوبەشی لەگەڵ دامودەزگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شارەوانییەكانی سنووری هەولێر و دهۆك لە سێكتەرەكانی خۆڵ و خاشاك و دانانی دیدگا و پەره‌پێدانی پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە و باشتركردنی كوالێتییەكەی و خولی ڕاهێنان و كۆكردنەوەی داتا و هاوكاریكردنی فەرمانگە شارەوانییەكان بۆ پێداچوونەوە بە ڕێنمایی و كەمكردنەوەی بیرۆكراسیيەت و باشتركردنی ئیدارەدانی پرۆژەكان و چەندین بواری دیكەدا كاریان كردووە.