Skip to the content

بەردی بناغەی کارگەی ڕیسایکلینی خاشاکی سۆران بە گوژمەی 24 ملیار دینار داندرا

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حکومیی دەڤەرەکە، بەردی بناغەی دروستکردنی کارگەی ڕیسایکلینی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاکی سۆران و دەوروبەری داندرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆژەکە گوتاریان پێشکەش کرد و جەختیان لەوە کردەوە ئەو پرۆژەیه دەستکەوتێکی گەورەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و کێشەی تەواوی خاشاکی دەڤەرەکە چارەسەر دەکات.
ساسان عەونی خۆشحاڵیی خۆی بە دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد ئەو پرۆژەیە دەستکەوتێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ سۆران و دەوروبەری.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ناوی خۆی و وەزارەتەوە، سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژە گرنگە لە سۆران، ئاماژەی بەوەش کرد چارەسەری خاشاکی شار و شارۆچکەکان بەرنامەی حکومەتە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دیدگەی ئەوەیە کارگە و پرۆژەکانی بواری خۆڵ و خاشاک بەرەوپێش ببردرێن، گوتیشی: ئەو پرۆژەیە لە داهاتوودا خزمەتی پاراستنی ژینگەی ئەو دەڤەرە دەکات.
ساسان عەونی دەڵێت؛ کارگەی ڕیسایکلینی سۆران چارەسەری خاشاکی سێ زۆن دەکات، سۆران، مێرگەسۆر و چۆمان لەگەڵ کارگەکەدا چارەسەری پاشماوەی نەخۆشخانەکانیش چارەسەر دەکرێت، هەروەها پاشماوەی خانووبەرە و چەند بوارێکی دیکەش چارەسەر دەکات.
سەبارەت بە گوژمەی کارگەی ڕیسایکلینی سۆران و دەوروبەری، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە کرد گوژمەی پرۆژەکە ٢٤ ملیار دینارە و لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین کراوە و لەسەر ٥٠ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت، هەروەها ڕۆژانە ١٠٠ کرێکار کاری تێدا دەکەن و ٤٠٠ تۆن خاشاکیش لە ڕۆژێکدا چارەسەر دەکات.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کارگەی ڕیسایکلینی سۆران یەکێکە لەو کارگانەی بۆ سۆران زۆر گرنگە و پێویستییەک بوو بۆ ئەوەی بتواندرێت ژینگەی ئەو ناوچەیە بپارێزرێت، هەروەها گوتیشی بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە کێشەیەکی گەورەی خاشاک لە سۆران چارەسەر دەبێت.