Skip to the content

سیمینارێكی تایبه‌ت به‌ وه‌به‌رهێنان له‌ ماسته‌رپلانی هه‌ولێردا به‌ڕێوه‌ چوو

ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ٢ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢٤، به‌ ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و نوێنەری جایکا و تیمی پرۆژەی جایکا بۆ هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر و سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی هه‌ولێر، سیمینارێكی تایبه‌ت به‌ وه‌به‌رهێنان له‌ ماسته‌رپلانی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو.
سیمیناره‌كه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی و تیمی پرۆژه‌ له‌ ئاژانسی جایكای ژاپۆنی به‌ڕێوه‌ چوو.‌ هه‌روه‌ها جێگری پارێزگار و وەبەرهێنانی هەولێر، سەرۆکایەتیی شارەوانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و ژمارەیەک وەبەرهێنەر و بازرگان و نوێنەری ژووری بازرگانی و یەکێتیی وەبەرهێنەران به‌شداربوون.
ئامانج له‌و‌ سیمیناره‌دا ناساندنی پرۆژه‌ی هەمواری ماستەرپلانی هەولێر و لێكه‌وته‌كانى بوو، كه‌ تێیدا هەڵەکان بۆ وەبەرهێنانی بەردەوام و ئەو پرۆژانەی لە ڕووی ژینگەیی گرنگییان هەیه‌، هه‌روه‌ها دیدگه‌ی هەموارکردن لەسەر دواڕۆژی شار و ڕێکخستنی سیستەمی گواستنەوەی گشتی و هاوتەريببوونی هەولێر لەگەڵ شارەکانی تر لە جیهاندا لە ڕووی گەشەکردن و خۆشگوزەرانی و فەراهەمکردنی سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆ و وزەی پاک و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ژینگەیەکی گونجاو و چه‌ند ته‌وه‌رێكی دیكه‌ تیشكیان خرایه‌ سه‌ر و گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.