قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی زەوی لە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان و زاخۆ دەستی پێ كرد
وهزيرى شارهوانى و گهشتوگوزار: لە ڕۆژانی داهاتوودا قۆناغەكانی دیكەی پرۆسەكە دەستپێدەكات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تشرينى يهكهمى 2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵ و ژمارەیەكی دیكەی بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی پێنج هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و 2 هەزار و 300 پارچە زەوی دیكەش لەسەر كەسوكاری شەهیدان و زیندانیيانی سیاسی لە شاری هەولێر دەستی پێ كرد. هاوكات هەر ئەمڕۆ پرۆسەكە لە سلێمانی و گەرمیان دەستی پێ كرد و لە زاخۆش كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن و زەوی دابەش دەكرێت.
تیروپشكی ڕاكێشانی ئەو پێنج هەزار پارچە زەوییە لە شاری هەولێر، لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر ڕاكێشرا و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر بەردەوامی پرۆسەكە بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كردەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی دابەشكردنی زەوییەكانی هەولێر ڕایگەیاند: پرۆسەی دابەشكردنی زەوی دەستی پێ كرد، ئەمەش مژدەیەكی خۆشی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ سەرجەم فەرمانبەران.
ساسان عەونی، گوتیشی: ئەمڕۆ 5 هەزار پارچە زەوی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕادەگەیەنین، كە بەناوی زیاد فەقێ عەبدوڵڵا حوسێن دەست پێ دەكات و ناوی پێنج هەزارەمین بەناوی دیلان دلێر بەكر كۆتایی دێت.
هاوكات هەر ئەمڕۆش جگە لەو پێنج هەزارە، 2 هەزار و 300 پارچە زەوی دیكەش بەسەر خانەوادەی شەهیدان و زیندانیيانی سیاسی دابەش دەكرێت، كە پێشتر فەرمانی وەرگرتنی زەویيان هەبووە و ئێستا ڕێكارەكانی تەواو بووە، واتە 7 هەزار 300 پارچە زەوی دابەش دەكرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی و گەرمیان و زاخۆ و ناوچەكانی دیكەی كوردستان گوتی: هەر ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی 6 هەزار و 577 پارچە زەوی وەك قۆناغی یەكەم دابەش دەكرێت، كە یەكەم ناو بە ناوی نەجیبە جەواد عومەر مەحموود دەست پێ دەكات و به ناوى عادل محەمەد ڕەزا كۆتایی دێت.
هاوكات لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بۆ قۆناغی یەكەم ڕەزامەندی لەسەر 2 هەزار 474 پارچە زەوی دراوە، كە ناوی یەكەم بەناوی مەولود سامی عەلی دەست پێ دەكات و به ناوى شەیما عەباس مەجید ڕەشید كۆتایی دێت، ڕۆژى چوارشهممهش هەزار و 241 پارچە زەوی لە زاخۆ ڕاگەیەندرا.
سەبارەت بە بەردەواميی پرۆسەكەش، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت لەسەر بەردەوامی دەكاتەوە و دەڵێت: هەتا ئێستا وەزارەتەكان بەردەوامن لە ناردنی ناوی فەرمانبەرانیان و لە ڕۆژانی داهاتووشدا قۆناغەكانی دیكەی پرۆسەكە ڕادەگەیەنین، گوتیشی لە هەموو شارەوانییەكانیش نەخشەی پێویست بەپێی ژمارەی فەرمانبەران ئامادە كراوە.
ساسان عەونی، لەبارەی زەوییەكانی شاری هەولێر گوتی: ئەو نەخشەیەی ئامادەكراوە لەسەر 2 هەزار و 90 دۆنمە و لە هەشت گەڕەك پێكهاتووە، 4 هەزار و 828 پارچە زەوی نیشتەجێ لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ ژمارەی دیكەی زیادە، ڕووبەری زەوییەكانیش 200 مەترن و شەقامەكانیان نابێت لە 12 مەتر كەمر بێت، هەروەها گوتیشی: شەقامی 30مەتری تێیدایە لەگەڵ هێڵی ترام و هێڵی پایسكیل و پیادەڕۆ و باخچەی بچووكی ناو ماڵ و پاركی گەورە و بنكەی تەندروستی و قوتابخانە و باخچەی ساوایان و مزگەوت و خزمەتگوزارییەكانی تر كە ڕۆژانە بەكار دێن.