Skip to the content

قۆناغەكانی كاركردن لە پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە تاووتوێ دەكرێت

ڕۆژی چوارشەممە 30ى تشرينى يه‌كه‌مى 2024، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاری وەزارەت و د. چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە، ئێدگار مراد، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای خطیب و علمى و كارناس حوسێن، بەڕێوەبەری پرۆژە و میشیل ابورجێلی پلانساز و بەسام الزێنی، پسپۆری ئابووری - کۆمەڵایەتی لە كۆمپانیای ناوبراو، كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە هەنگاوەكانی كاركردن و بەرەوپێشچوونی پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
جێگەی باسە، گرێبەستی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە ڕۆژی پێنجشەممە 26ی ئەیلوولی 2024، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دینار واژۆ كرا و هەر ئەوكات دەست بە پرۆژەكە كرا.
لە كۆبوونەوەكەی ڕۆژى چوارشەممەدا، پرێزنتەیشنێك سەبارەت بەو كارانەی لە دوای واژۆكردن و دەستپێكردنی كارەكانی پرۆژەكە تا ئێستا جێبەجێ كراون پێشكەش كرا و تێیدا كارە ئەنجامدراوەكان و قۆناغەكانی داهاتووی پرۆژەكە خرانەڕوو، بۆ ئەوەی لە ماوەی دیاریكراودا هەڵەبجە ببێتە خاوەن ماستەرپلانێكی شایستە و گونجاو.
لەو كۆبوونەوەیەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای جەختكردنەوەی لەسەر گرنگی پرۆژەكە و ڕوانگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بە بایەخەوە لەو پرۆژەیە دەڕوانێت بۆ ئەوەی هەڵەبجە لە ڕێگەی ماستەرپلانەوە هەموو سێكتەرەكانی ببووژێتەوە، هاوكات چەند ڕێنماییەكیشی دایە ليژنە و تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای جێبەجێكار، تا باشترین ماستەرپلان بۆ هەڵەبجە دابندرێت، بۆ ئەوەی شارەكە ببێتە هۆی بەرەوپێشبردن و دیاریكردنی ئاراستەی فراوانبوونی شارەكە و خواستی هاووڵاتییانی شارەكەی تێدا بەدی بهێندرێت لە پرۆژەكەدا لەگەڵ ڕەخساندنی هەلی كار بۆ دانیشتووانی شارەكە و دەیان بواری دیكەی شارسازی.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لە هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگیيه‌كى نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و فەرمانگەكانی شارەوانی و حكومەت لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار كردەوە، لەپێناو ئەوەی ئەو پرۆژەیە لە كاتی خۆیدا تەواو بكرێت و هەڵەبجە كە تاوەكوو ئێستا ماستەرپلانی نییە، ببێتە خاوەنى ماستەرپلان.