كاركردن لە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ بەردەوامە و بە باشی بەڕێوە دەچێت
كاركردن لە پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ بەردەوامە، تا ئێستا دیزاینی پرۆژەكە تەواو بووە و كار لە كۆنكرێتكردنی خەزانەكان و خۆڵكاری و ئامادەكاری بۆ ڕاكێشانی هێڵی كارەباكەی دەكرێت و بۆرییەكانیشی گەیشتوونەتە سەر پرۆژەكە.
بەشێك لەو كارانەی لە پرۆژەكەدا كراون
بەپێی ڕاپۆرتێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ڕۆژی دەستبەكاربوونی پرۆژەی ئاوی چەمچەماڵ لە 12/8/2024 تاوەكوو ئێستا، كاركردن لە پرۆژەكەدا زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت بە جۆرێك كە كاری ڕووپێوی بە ڕێژەی 90% تەواو كراوە و پشكنینی خاك بە ڕێژەی 100% تەواو كراوە. هەروەها دیزاینی هەردوو حەوزی ئاغجەلەر و تەكیە و كۆنكرێتكردنی بناغەی شیشداری حەوزی 1,000م3ی ئاغجەلەر تەواو بوون. بەستنی شیشكاری حەوزی 1,000م3 ئاغجەلەر تەواو بووە و ئێستا ئامادەكراوە بۆ كۆنكرێتكردن، هەڵكەندن و كۆنكرێتكردنی حەوزی تەكیە تەواو بووە و هەڵكەندنی حەوزی 15,000م3 دەستیپێكردووە و دیزاینی 28كم لە هێڵی ناقلی ئاو لە قۆناغی كاركردندایە.
پرۆژەكە چەمچەماڵ و دەوروبەری لە كێشەی كەمئاوی ڕزگاریان دەكات
بەگوێرەی ڕاپۆرتى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ كە سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكات، كاركردن تێيدا بە شێوەیەكی گشتی، زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان سووره لە تەواوكردنی پرۆژەكە لە وادەی خۆیدا، بۆ ئەوەی دانیشتووانی سنووری چەمچەماڵ و دەوروبەری، كە ساڵانێكە گرفتی كەمئاویيان هەیە، لەو كێشە لەمێژینەیە ڕزگاریان ببێت و بە یەكجاری گرفتی كەمئاویيان چارەسەر دەبێت.
پرۆژهكه لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دروست دەكرێت
پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ، پرۆژەیەكی ستراتیژیی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە چەمچەماڵ و دەوروبەری، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت و گرێبەستەكەی ڕۆژی دووشهممه 24/6/2024 له وهزارهتی شارهوانی و گهشتوگوزار واژۆ كرا، دواتر فەرمانگەیەكی ئەندازیاری بۆ جێبەجێكردنی كارەكانی پرۆژەكە دامەزرێندرا.
گوژمەی پرۆژەكە 114 ملیار دینارە
پرۆژەی (دیزاین و جێبەجێكردن و كارپێكردن - ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ)، گوژمەكەی 114مليار دینارە و لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت، ماوەی تەواوبوونیشى 720 ڕۆژی بۆ دیاری كراوە، لە ڕۆژی 12/8/2024 دەست بە كارەكانی كراوە و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكرێت.
توانای بهرههمهێنانی 3,400م3 ئاوی خواردنەوەی له یهك كاتژمێردا ههیه
ئەو پرۆژەیە ئاوی خاوێن دەگەیەنێتە شاری چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری، توانای بهرههمهێنانی 3،400م3 ئاوی خواردنهوهی له یهك كاتژمێردا ههیه و زیاتر له 480 ههزار كهسیش لێی سوودمهند دهبن و كاریگهریی ڕاستهوخۆی لهسهر گهڕاندنهوهی ڕێژهیهكی زۆر ئاو بۆ شاری سلێمانی له پرۆژهی ئاوی دووكان بۆ سلێمانی دهبێت.
پرۆژەكە چەندین تایبەتمەنديی پێشكەوتووی هەیە
پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ چەندین پێكهاتەی گرنگی هەیە، لەوانە: ئاو لەسەر زێی بچووك لە شارەدێی گۆپتەپە وەردەگرێت و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەكانی پرۆژەكە و پاشان بەسەر هاوبەشانی ئاودا دابەشی دەكات. هەروەها ژووری پەمپی ناوەند لە دووری 5كم لە گۆپتەپە. یەكەی پاككەرەوەی ئاو و ژووری پەمپی (1) لە شارەدێی ئاغجەلەر لەگەڵ حەوزی كۆنكرێتی 1,000م3 لە شارەدێی ئاغجەلەر و ژووری پەمپی 2 لە گوندی قشڵاخ و حەوزی 5,000م3 لە تەكیە و هێڵی ناقلی ئاو بە تیرەی 900ملم لە گوندی گۆپتەپە تا چەمچەماڵ بە درێژی 57كم. هێڵی گوێزەرەوەی كارەبا 33kv لە ئاغجەلەر بۆ گۆپتەپە و لە ئاغجەلەر بۆ تەكیە بە درێژی 28كم لەگەڵ گۆڕەڕی كارەبا و چەندین تایبەتمەندی دیكەی پێشكەوتوو كە لە پرۆژەكەدا جێبەجێ دەكرێن.