Skip to the content

بە گوژمەی زیاتر لە 3 ملیار دینار بەردی بناغەی هەشت پرۆژەی خزمەتگوزاری لە قوشتەپە داندرا

ڕۆژى دووشەممە 23ى ئه‌يلوولى 2024، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بایەخدان و گەشەپێدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی قەزای قوشتەپە، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و قائیمقامی قوشتەپە و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی فەرمانگە شارەوانی و خزمەتگوزارییەكانی دەڤەرەكە، بە گوژمەی زياتر له‌ سێ مليار دینار، بەردی بناغەی هەشت پرۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزای قوشتەپە داندرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە پرۆژەكان ڕایگەیاند: لە بەردەواميی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ سەرجەم شار و شارۆچكەكان و بەتایبەتی بۆ قەزای قوشتەپە، لەسەر ڕێنمایی و ڕاسپاردەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی بۆ بایەخدانی زیاتر بە قوشتەپە، دوای سەردانیكردنی بۆ قەزای قوشتەپە و دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە بەڵێنی جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ قوشتەپە دا، ئەمڕۆش ئێمە وەكوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندارەكان خۆشحاڵین لە قوشتەپەین، بۆ دانانی بەردی بناغە و دەستپێكردنی هەشت پرۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی زیاتر لە 3 ملیار دینار.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: پرۆژەكان سەرجەمیان خزمەتگوزارین و لە خزمەتی هاووڵاتییانی زەحمەتدیدەی قوشتەپەن و كاریگەریی باشیان دەبێت بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتییانی ئەو سنوورە.
سەبارەت بە جۆری پرۆژەكانیش، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: پرۆژەكان هەشت پرۆژەن و بریتین لە دروستكردنی شەقام و قیرتاوكردنی شەقام و سەوزكردنی دوورگەی ناوەندی و دروستكردنی دوورگەی ناوەندی و دروستكردنی ئاوەڕۆ. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: ئێمە وەكوو حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەركی سەرشانمانە خزمەتی هاووڵاتییان بكەین و كار و دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەر شوێنێك كە پێویستی بە خزمەتگوزاری هەبێت، بەردەوام دەبێت.