Skip to the content

بە گوژمەی 4 ملیار و 788 ملیۆن دینار بەردی بناغەی پرۆژەی بەدووسایدكردنی شەقامی ڕۆڤیا و ئاكرێ داندرا

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان،بە گوژمەی 4 ملیار و 799 ملیۆن دینار، بەردی بناغەی دوو پرۆژەی گه‌وره‌ى دروستكردنی شەقامی دووساید لە سەنتەری ڕۆڤیا و ڕێگەی سەرەكیی ڕۆڤیا و ئاكرێ داندرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش پیرۆزبایی لە دانیشتووانی دەڤەرەكە دەكات و دەشڵێت: بەمزووانە چەندین پرۆژەی دیكەش جێبەجێ دەكرێن.
ڕۆژى چوارشەممە 25ى ئه‌يلوولى 2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك و بەرپرسانی حزبی و حكوميی سنووری بەردەڕەش و ڕۆڤیا، بەردی بناغەی دوو گەورەپرۆژەی دروستكردنی شەقامێكی سەرەكی لە سەنتەری ناحیەی ڕۆڤیا و بەدووسایدكردنی ڕێگەی سەرەكیی ڕۆڤیا - ئاكرێ داندرا.
لە ڕێوڕەسمەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری دهۆك گوتاریان پێشكەش كرد و باسیان لە گرنگیی هەردوو پرۆژەكە بۆ ڕۆڤیا و ئاكرێ و دانیشتووانی سنووری بەردەڕەش كرد، هاوكات جەختیان لەسەر بەردەوامی پرۆژەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەڤەرەكە كردەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتای گوتارەكەیدا خۆشحاڵيی خۆی بە دانانی بەردی بناغەی ئەو دوو گەورەپرۆژەیە دەربڕی و ڕایگەیاند: پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكومەت لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان بەردەوام دەبێت، بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان. هەروەها ساسان عەونی، ڕاشیگەیاند: سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام فەرمان بە وەزارەت و دامودەزگەكانی حكومەت دەكات كە لە هەر جێگەیەك خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان پێویست بێت، دەبێت دامودەزگەكانی حكومەت لەو شوێنانە بن بۆ گەیاندن و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری، ئەمەش وەك جێبەجێكردنی ئەركێكی سەرشانی فەرمانگەكانی حكومەت بۆ خزمەتكردنی خەڵك. هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد: خۆشحاڵین بە دانانی بەردی بناغەی بەدووسایدكردنی شەقامی سەنتەری شارۆچكەی ڕۆڤیا بە درێژيی كیلۆمەترێك لەگەڵ ئاوەڕۆ، هەروەها پرۆژەی دووسایدی ڕۆڤیا - ئاكرێ، كە بە گوژمەی 4 ملیار و 799 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پیرۆزبایی لە دانیشتووانی ڕۆڤیا و دەڤەرەكە بە گشتی كرد و جەختیشی لەسەر ئاوەدانكردنەوەی زیاتری سنوورەكە كردەوە و ئاماژەی بە جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی دیكەی خزمەتگوزاری لە سنوورەكە كرد، كە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای دهۆك بەمزووانە ڕادەگەیەندرێن، گوتیشی: دڵنیاین لەوەی خەڵكی كوردستان پێزانینیان بۆ هەموو ئەو كار و پرۆژانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ كوردستانێكی ئاوەدانتر و ئایيندەیەكی باشتر و دواڕۆژێكی ڕازاوەتر بۆ كوردستان.