Skip to the content

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌نديى هاوبەشانی ئاو دەردەكات

لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و چارەسەركردنی گرفتی پێوەری ئاو، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارێكی دووخاڵيی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەدات، كە بەهۆیەوە كرێی بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارەكان له‌ ٤٥ هەزار دینارەوە بۆ ٢٠ هەزار و لە قەزا و ناحیەكانیش بۆ ١٠ هەزار دینار كه‌م كرايه‌وه‌ و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت: ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەچاوكردنی دۆخی داراییی هاووڵاتییانە.
بەگوێرەی خاڵی یەكەمی پێشنیارەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانه‌وه‌ ڕەزامەندی لەسەر دراوە. بڕیاری ژمارە ٥٩٨٠ی ساڵی ٢٠٢٢ سەبارەت بەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە كارا كرایەوە و لەمەودا بۆ بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارەكان بۆ هه‌ر مانگێك تەنیا ٢٠ هەزار دینار و لە قەزا و ناحیەكان تەنیا ١٠ هەزار دینار وەردەگیرێت، كە پێشتر ٤٥ هەزار دینار لە هاوبەشانی ئاو وەردەگیرا.
سەبارەت بە كەمكردنەوەی كرێی ئاو لە كەرتی بازرگانی، پیشەسازی، گەشتیاری، پیشەی بچووك، دوكاندار و كاسبكاران، بەپێی ئەو بڕیارە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرفەتی تازە بەو شوێنانە دەدات كه‌ تاكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە، دەتوانن لەم بڕیارە نوێیەی حكومەت سوودمەند بن بە بەستنی پێوەری ئاو.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە گرنگیی بڕیارەكە و كاریگەری لەسەر باری داراییی هاووڵاتییان و ڕێكخستنەوە و چارەسەركردنی گرفتی بەستنی پێوەر، ڕایگەیاند: ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و ڕەچاوكردنی دۆخی دارایيی هاووڵاتییانە. ساسان عەونی دەشڵێت: ئەو بڕیارە ڕاستەوخۆ پاڵپشتیی حكومەتە بۆ هاووڵاتییان و دەبێتە هۆی بارسووكی و هۆكارێكی كاریگەر بۆ ڕێكخستنەوە و چارەسەركردنی كێشەی پێوەری ئاو و دەستگرتن و پاراستنی سامانی ئاو لە بەفیڕۆدان و باشتركردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان بە شێوەیەكی باشتر.