Skip to the content

وه‌زيرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار: پرۆژەی ئاوی قوشتەپە بە گوژمەی زیاتر لە 189 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت

- پرۆژەی ئاوی قوشتەپە ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی ٧٢ هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە
- نزیكەی ٥٥ هەزار كەس لە قوشتەپە و بێستانە و دەیان گوند و سەدان كارگە و ناوچەی پیشەسازی لێی سوودمەند دەبن

ڕۆژى سێشەممە ١٧ى ئه‌يلوولى ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری لە سنووری پارێگەی هەولێر دانا و لە گوتارێكدا باسی لە گرنگيی پرۆژەكە بۆ دەڤەرەكە و بووژانەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی سنوورەكە كرد.
لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكەدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا وردەكاری لەبارەی پرۆژەكە و گوژمە و كاریگەرییەكانی خستەڕوو.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتای گوتارەكەیدا خۆشحاڵيی خۆی دەربڕی و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام و خەمخۆرانە كاری بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی كردووە و لەمبارەیەوە گوتی: جێی خۆشحاڵی و شانازییەكی گەورەیە ئەمڕۆ لە خزمەت سەرۆكی حكومەت ئامادە دەبین، بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەكی گەورەی نایاب. پرۆژەیەك كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بووژانەوەی زیاتری ئەو جوگرافیایەی شاری هەولێر هەیە، ئەویش دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەریه‌
ساسان عەونی سەبارەت بە هەوڵەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی ئاماژەی بەوەش كرد: ئێمە لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، شاهیدی ئەوەین كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و گرفت و بارە داراییە نەخوزاراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام هیچ كاتێك تەمویلی پرۆژەكانی ئاو و دابینكردنی ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان نەوەستاوە و ساڵانە بە بڕی ١٦٠ ملیار دینار خەرجیی ڕاستەوخۆ و ٣٤٠ ملیار دینار خەرجیی ناڕاستەوخۆ، تەنیا بۆ دابینكردنی ئاو بۆ هاووڵاتییان خەرج دەكرێت.
وه‌زيرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار گوتیشی: كاتێك گرفتی كەمئاوی لە پایتەخت دروست بوو، سەرۆكی حكومەتى هه‌رێمى كوردستان، بە دیدگایەكی ستراتیژی و چارەسەرێكی یەكلاكەرەوە، چەند ڕۆژێك پێش ئێستا، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی شاری هەولێری دانا و بە تەواوبوونی تاكوو ساڵانێكی درێژ، هەولێر بە فراوانبوونەوە، گرفتی ئاوی نامێنێت، ماوەی ساڵانێكی زۆریش خەڵكی چەمچەماڵ گرفتی كەمئاوی هەبوو، سەرۆكی حكومەت فەرمانی كرد بە چارەسەركردنی ئەو گرفتە و دواتر پرۆژەی ئاوی چەمچەماڵ كەوتە بواری جێبەجێكردن و ئێستاش قۆناغی باشی بڕیوە. ئەم پرۆژەیەی ئێستاش، تەواوكەری پرۆژەكەی هەولێرە و بە یەكجاری گرفتی كەمئاوی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان ناهێڵێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش كرد: پرۆژەی ئاوی قوشتەپە، یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی بایەخدان بە چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی بۆ هاووڵاتییان و پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی بە گوژمەی ١٨٩ مليار و ٦٧٠ مليۆن دینار جێبەجێ دەكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری توانای بەرهەمهێنانی سێ هه‌زار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، واتە ڕۆژانە ٧٢ هه‌زار مەتر سێجا ئاوی هەیە و دەبێتە هۆکاری داخستنی سەدان بیری قووڵی ئاو لە دەڤەرەکە، کە لە ئێستادا قووڵترین بیرەکانی کوردستان و عێراق لە قوشتەپەن بە زیاتر لە ٧٣٠ مەتر، ئەوەش یارمەتیدەرێکی زۆر باش دەبێت بۆ بووژانەوەی ئاوی ژێرزەويی ناوچەکە. ئاماژەی بەوەش كرد: جگە لە قەزای قوشتەپە كە یەكێكە لە قەزا گەورەكانی سنووری پارێزگەی هەولێر، هاوكات بێستانە و زیاتر لە شەست گوندی ناوچەكەش لێی سوودمەند دەبن. هەروەها سەدان كارگە و ناوچەی پیشەسازی و كۆمەڵگەی جۆراوجۆر دەكەونە ناو ماستەرپلانی ڕێڕەوی ئەو پرۆژەیەوە. گوتیشی: پرۆژەی ئاوی قوشتەپە بۆ ماوەی ٢٥ تا ٣٠ ساڵی داهاتوو ئاوی دەڤەرەکە دابین دەکات.
لەبارەی تایبەتمەندییەكانی پرۆژەكەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: وێستگەی خاوێنکردنەوە لە نزیک گوندی قەشقە لە جۆری وێستگە ئاساییەکان، کردارەکانی خاوێنکردنەوەی فیزیایی و کیمیایی و بایۆلوجی بە چوار قۆناغ تێدا ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ وێستگەی پاڵەپەستۆی بەرزیش هەر لە هەمان شوێندا. وێستگەیەکی بەرزکەرەوەی ناوەندی هەیە لەگەڵ عەمبارێکی ئاو بە قەبارەی پێنج هه‌زار مەتر سێجا. دوو عەمباری ئاو لە ناحیەی بێستانە و قوشتەپە هەریەکه‌یان بە قەبارەی پێنج هه‌زار مەتر سێجا دروست دەکرێن. هەروەها بۆریی گواستنەوەی پرۆژەکە لە جۆری کاربۆن ستیلە بۆ ئاوی خواردنەوە جۆری X٤٢ بە تیرەی ٩٠٠ ملم و درێژی ۳٨ کلم. لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەكەش توانای دابینكردنی ئاوی هەیە. تۆڕی کارەبای نیشتمانیی پرۆژەکە و سیستەمی مولیداتی بۆ دابین دەكرێت.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی لەو پرۆژەیەدا سوودمەند دەبن، ساسان عەونی، ئاماژەی بەوە كرد كە ٥٥ هەزار كەس لەو سنوورە فراوانە لێی سوودمەند دەبن و كێشەی ئاو بە تەواوەتی چارەسەر دەكات و مەترسيی وشكبوونی دەیان بیری دیكەی ئاو لە گوندەكان نامێنێت.